زیلینسكی: ماوه‌ی ساڵێكه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌ك هاتووم

سه‌رۆكی ئۆكراینا ئاشكرای كرد كه‌ ماوه‌ی ساڵێك ده‌بێت و به‌ دروستیش له‌ دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ڕووسیا تووشی نه‌خۆشییه‌ك هاتووه‌ كه‌ پێشتر نه‌یبووه‌‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ته‌له‌فزیۆنی ئۆكراینا فیلمێكی دۆكۆمێنتاری به‌ناوی (ساڵێك) به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ده‌ستپێكی جه‌نگی نێوان ئۆكراینا و ڕووسیا پێشكه‌ش كرد، فیلمه‌كه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی ناوداری ئۆكراینی دمیتری كۆمارۆف ئاماده‌كرابوو.

له‌ فیلمه‌ دۆكۆمێنتارییه‌كه‌دا‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ له‌نێو شه‌مه‌نده‌فه‌رێك چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكراینا ده‌كات و ئه‌و دانی پێداده‌نێ كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا‌ دووچاری نه‌خۆشییه‌ك بۆ‌ته‌وه‌.

زیلینسكی /45 ساڵ/ ده‌ڵێت: به‌هۆی زۆری كاركردن له‌ نووسینگه‌كه‌م له‌ بارودۆخێكی رووناكی خراپدا‌ توانای بینینم زۆر كز و لاواز بووه‌، بۆ نموونه‌ ئێستا ناتوانم نووسینی سه‌ر كیسه‌ی چایه‌ك بخوێنمه‌وه‌.

ڕایشگه‌یاند: به‌داخه‌وه بینایی چاوانم تا دێت لاواز و كزتر ده‌بێت، هه‌ندێ جار ناتوانم هیچ شتێك ببینم، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی بۆ دروستكردووم.

سه‌رۆكی ئۆكڕاینا جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر و پێش ده‌ستپێكردنی جه‌نگی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر سوپای ڕووسیا، هیچ كێشه‌یه‌كی له‌ بینین و چاویدا نه‌بوو و ته‌نانه‌ت له‌ ژیانیشیدا چاویلكه‌ و ئامێری گه‌وره‌كردنی به‌كارنه‌هێناوه‌.

رۆژی هه‌ینی ڕابردوو ڕێكه‌وتی 24/2/2023 ساڵێك تێپه‌ڕی به‌سه‌ر ده‌ستپێكی شه‌ڕی سوپای ئۆكراینا و ڕووسیا، له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی و سه‌ربازی ڕووسی و ئۆكراینی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ملیۆنان كه‌س ئاواره‌ و ده‌ربه‌رده‌ر بوون و شه‌ڕ و ماڵوێرانیش له‌نێوان هه‌ردوو وڵات تا ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامه‌.