بایدن دەڵێت ئامادە نییە فڕۆکەی ئێف 16 بداتە ئۆکراینا


لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئامادە نییە فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16 بۆ ئۆکراینا بنێرێت. 

ئەوە لەکاتێکدایە کە ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکراینا بدەن بۆ ئەوەی دژی رووسیا شەڕیان پێ بکەن، بەڵام ئیدارەی بایدن لەو بڕوایەدایە کە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەو چەکە بە ئۆکراینا بدەن و بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ئۆکراینییەکان لە ماوەیەکی نزیکدا پێویستیان بە ئێف 16 نابێت. 

لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پۆڵەندا لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی کە رۆژی پێنجشەممە تۆمارکراوە و هەینی بڵاوکراوەتەوە، بایدن لەبارەی زیلینسکییەوە دەڵێت: “ئێمە ئەو شتانەی بۆ دەنێرین کە سوپا خاوەن ئەزموونەکەمان پێیوایە پێویستی پێیەتی. ئەو سوپایە پێویستی بە تانکە؛ پێویستی بە تۆپهاوێژە؛ پێویستی بە بەرگریی ئاسمانییە، لە نێویاندا هیمارسێکی دیکە. ئەو ئێستا پێویستی بە ئێف شازدە نییە.”

رۆژی هەینی، لە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ئیدارەی بایدن بە راگەیاندنی سزای نوێ بۆ سەر مۆسکۆ، هاوسۆزیی خۆی بۆ ئۆکراینا راگەیاند. هەروەها پاکێجێکی دیکەی دوو ملیار دۆلاریی بۆ ناردنی یارمەتی سەربازیی بۆ کیێڤ پەسند کرد. 

وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی ئۆکراینا، هیچ ئاماژەیەک بۆ یەکلابوونەوەی جەنگەکە لە ئاسۆدا نییە، بەڵکو چاوەڕواندەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا، شەڕەکە ئاڵۆزتر بێت، بەتایبەتی کە ئێستا پێشڕەوی و پاشەکشەی هەردوو بەرەی شەڕەکە خاوبووەتەوە و سەرنجی رووسیا لەسەر دۆنباس چڕبووەتەوە.