دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەزموونی چیلی لە بوومەلەرزە جیهانی شۆك كردووە

بەدرێژایی دوو سەدە، هیچ بوومەلەرزەیەك ئەوەندەی بوومەلەرزەكەی 1960ی شیلی بەهێز نەبووە، كە بە گوڕی 9.5 رێختەر ئەو وڵاتەی هەژاند، بەڵام ئەو بوومەلەرزەیە بووە وانەیەك بۆ چیلی، تا بە بەرنامەیەكی تۆكمەی زانستی رووبەڕووی بوومەلەرزە ببنەوە. چیلی گەیشتە ئەو بڕوایەی ئیدی بوومەلەرزە بووەتە بەشێك لە ژیانی مرۆڤ، لەبری ئەوەی لێی راكەیت، پێویستە رووبەڕووی ببیتەوە.

ژاپۆن، لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە، كالیفۆرنیا و چیلیش بەهەمان شێوە، بەڵام چیلی لە ژاپۆن زیاتر توانیویەتی بەشێوەیەكی زانستیی رووبەڕووی بوومەلەرزە ببێتەوە، ئەویش بە ئەنجامدانی ژێرخانێكی گەورە و رێگەی زانست، كە كردوویانەتە كلتوور لەو وڵاتە.
رۆژنامەنووسێكی تورك، سەردانی چیلی كردووە، لەوێ بە چاوی خۆی بینیویەتی كە چۆن، ئەو وڵاتە هەموو كاتێك ئامادەیە رووبەڕووی بوومەلەرزە ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە گوڕی 9.5 رێختەریش بێت، بەبێ ئەوەی زیانی گیانیشیان هەبێت.
لە یەكێك لە دامەزراوەكانیدا چیلی نووسراوە ”ئەگەر بوومەلەرزە رووی دا، مەڕۆ دەرەوە و لەناو باڵەخانەكاندا بمێنەرەوە، چونكە ئێمە باڵەخانەكانمان وا دروست كردووە، كە سەلامەتترین شوێن بێت لە كاتی بوومەلەرزە“
بوومەلەرزە ئەگەرچی كارەساتێكی سروشتیی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەگەر عەقڵ هەبوو، دەتوانرێت رووبەرووی ببیتەوە، چیلیش یەكێكە لەو نموونانەی كە دەكرێت هەموو ئەو وڵاتانەی مەترسی بوومەلەرزەی لەسەرە سوود لە ئەزموونی چیلی وەربگرێت.
ژێرخان گرنگە بۆ هەموو وڵاتێك، بەڵام ئەوەی لەژێرخان گرنگترە، ئەو كلتوورەیە كە ئەگەر بوومەلەرزە رویدا چی بكرێت باشە و چۆن خۆت بپارێزیت؟ لە چیلی لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا باس لە چۆنییەتی خۆپاراستن لە بوومەلەرزە دەكرێت و لە ناوەندیش وانەی جیۆلۆجی دەخوێنرێت، بەڵام لە توركیا لە دواناوەندی وانەی جیۆلۆجی هەڵگیرا.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە ئاژانسی (BBC) بەشی توركی وەرم گرتووە، نیوەی باڵەخانەكانی توركیا مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەكاتی بوومەلەرزە بەتەواوی بڕووخێت، هەروەها لە ئێستای توركیادا ١٣ملیۆن باڵەخانە مەترسی ئەوەیان لەسەرە ئەگەر بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧ رێختەر زیاتر لەو وڵاتە بدات، ئەو باڵەخانانە دەڕووخێنێت.
ناكرێت تەنیا حكوومەتی ئاكەپە تۆمەتبار بكرێت بەوەی ژێرخانی ئەو باڵەخانانەی توركیا بەهۆی ئەوانەوە خراپە، ئاخر بەر لە ئاكەپەش، گەورەترین كێشەی توركیا، خراپی ژێرخان بووە، بۆیە كاتێك لە 1999 بوومەلەرزە لە مەڕمەڕایدا، هەزاران كەس گیانی لەدەستدا و زیاتر لە دوو هەزار باڵەخانەش رووخا، كەواتە كێشەی ژێرخان هەموو حكوومەتەكانی توركیا لێی بەرپرسیارن بەئاكەپەشەوە.
لەژاپۆن، باڵەخانە دروست دەكرێت، بەجۆرێك ژێرخانی باڵەخانەكان ئامادە دەكەن، كاتێك بوومەلەرزە روو دەدات، لەگەڵ جولانی زەوی، باڵەخانەكەش دەجۆڵێتەوە، واتە تەنیا دەجۆلێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی و مادی هەبێت، لەو جۆرە باڵەخانانە تەنیا هەشت هەزار بوونی هەیە و بەنیازن و بەرنامەیان هەیە، لەو جۆرە باڵەخانانە زیاد بكەن، چونكە وەكوو ئەوەی پلانیان بۆی داناوە، تا 2030، چەندین بوومەلەرزە لە ژاپۆن دەدات و پێشبینی دەكەن زیاتر لە ٢٠هەزار كەس بكوژێت، بۆیە لەئێستاوە كار دەكەن تا بتوانن پێشبینییەكانیان پێچەوانە بكەنەوە و ژمارەی گیان لەدەستدان بە هۆی بوومەلەرزەوە تا 2030 كەم بكەنەوە.
لە توركیاش لەو جۆرە باڵەخانانە بوونی هەیە، وەكوو ئەوەی باس دەكرێت سەد جۆر باڵەخانە لە توركیا هەیە، كاتێك بوومەلەرزە روو دەدات، زەوی چۆن بجولێت، ئەو باڵەخانانەش بەهەمان ئاڕاستەی زەوی دەجولێت و هیچ كێشەیەكی نابێت، جا ئەگەر بوومەلەرزە بەرێختەری زیاتر لە 9 شبێت، بۆیە ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی بتەوێت رووبەرووی بوومەلەرزە ببیتەوە، رێگەی جۆراوجۆر هەن، كە ئەزموونی چیلی باشترن ئەزموونە و دەكرێت توركیا سوودی لێ ببینێت، دڵنیاشم دوای بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات، توركیا روو لە چیلی دەكات و داوای لێدەكات هاوكاری بێت بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە، چونكە بوومەلەرزە بووەتە بەشێك لەژیانی توركیا و دەبێت بزانێت چۆن رووبەرووی ببێتەوە.