ئێران: هێشتان رێگه‌ی دیپلۆماسی كراوه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا

ئێران رایدەگەیەنێت، جددین له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دانوستاندنه‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ده‌یانه‌وێت دانوستاندنه‌كان به‌رده‌وامی هه‌بێت.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران پشتڕاستی كرده‌وه‌، كه‌ تاران جددیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی دانوستاندن سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی .

ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی ده‌بیستیت، ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان هێشتان رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران سه‌یر ده‌كه‌ن.

گوتیشی: باوه‌ڕمان به ‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئومێد به‌خشه، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێشتان رێگای دیپلۆماسی كراوه‌یه‌، ئه‌و دڵنیایشی دا كه‌ ئێران وه‌ك لایه‌نێكی رێككه‌وتنه‌كه‌ جددیه‌ له‌ پرۆسه‌ی دانوستاندن و دیبلۆماسی دا.

دانوستاندنه‌كان به‌ ئامانجی زیندوو كردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌نێوان ئێران و ووڵاتانی 1+5ـە، رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ به‌هۆی واژوو نه‌كردنی ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ی ئه‌وروپییه‌كان پێشه‌كشه‌یان كردووه‌.

ئێران داوای داخستنی دۆسیه‌ی تۆمه‌ته‌كان له‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واری سێ شوێنی ووزه‌ی ئه‌تۆمی رانه‌گەیەندراو، هه‌روه‌ها تاران داوای گه‌ره‌نتی كردنی به‌رده‌وامی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كات.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئایاری ساڵی 2018 تاك لایه‌نه‌ له ‌رێككه‌وتنه‌كه‌ كشایه‌وه‌، جارێكی دیكه‌ سزا ئابوورییه‌كانی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پانده‌وه‌، تارانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ به‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له‌ چالاكییه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی بووه‌.