چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بومەلەرزەیەکی دیکە لە گورگوم ڕوویدا

دوای بوومەلەرزەکەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلەی ڕێختەر لە گورگوم (مەرەش)ی باکووری کوردستان ڕووی دا و لە ئەنقەرە، ڕها، سێرت، وان، جۆلەمێرگ، مێردین، ئامەد، ئەدەنا و مەلەتی هەستی پێ کراوە.

بە گوێرەی ڕوانگەی قەندیلی بۆ توێژینەوەی بوومەلەرزە لە تورکیا، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٥ لە کاتژمێر ١٣:٢٤ ڕووی دا و ناوەندی بوومەلەرزەکە گۆزپزار-ئەکنۆزو بووە و بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەشەوە بینایەکی ٨ نهۆمی لە شاری مەلەتی داڕما.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئامارەکانی دەزگای کارەساتەکان (AFAD)، قەبارەی بوومەلەرزەکە ٧.٦ بووە. هەروەها بوومەلەرزەکە بە دووریی ١٦.٤ کیلۆمەتر لەژێر زەویدا ڕووی داوە.

لە شاری مەلەتی دوو بوومەلەرزە لە ماوەی ٢٠ خولەکدا ڕوویان دا، یەکەمیان لە کاتژمێر ١٣:٣٥ بە گوڕی ٦.٠ پلەی ڕێختەر و لە ٩.١ کیلۆمەتری ژێر زەویدا ڕووی دا. دووەمیان لە شاری مەلەتی کاتژمێر ١٣:٥١ بە گوڕی ٥.٨ پلەی ڕێختەر و لە ٧.٥ کیلۆمەتری ژێر زەویدا ڕووی دا.

دەگوترێت فڕۆکەخانەی مەلەتی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بووە