لە توركیا هەڵبژاردن لە نێوان رووسیا و ئەمریكاش بەڕێوە دەچێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەمریكا ئەگەر بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش بێت، دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەكانی توركیا كردووە، هەمیشە پێی وابووە ئەو كەسە بە لای ئەمریكاوە قبووڵكراوە، كە پشتگیری لە مافی مرۆڤ و ئازادی دەكات، بەپێچەوانەوە، رووسیا بەردەوام پشتگیری لەو سەرۆكانە كردووە، كە تاكڕەون و دەسەڵاتی سیاسیان بەتەواوی خستووەتە ژێر ركێفی خۆیانەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەیی توركیا تەنیا سێ مانگی ماوە، بۆیە شەڕی ئەمریكا و رووسیا لە توركیا سەختتر بووەتەوە.

ئەمریكا پێی وایە، مانەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، وەكوو سەركۆماری توركیا، بەو واتایە دێت كە رووسیایەكی بەهێزی لەپشتە و هەروەها وڵاتێكی گەورەی وەكوو توركیا، ئیدی دەچێتە باوەشی رووسیا و پشت لە ناتۆ دەكات، بۆیە پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەكات، ئەمەشی بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس كردووە.
جۆ بایدن، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەر لەوەی ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، واتە دوو ساڵێك بەر لە بوونی بە سەرۆك، لە كۆنفرانسێكدا هێرشی توندی كردبووە سەر ئەردۆغان و بە دیكتاتۆر و فاشیست ناوی بردبوو.
بایدن، لەو كۆنفرانسەدا گوتبووی، پێویستە دەكات ئەمریكا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی توركیا رێك بكەوێت بۆ لەناوبردنی ئەردۆغان و دوورخستنەوەی لە دەسەڵات.
دوای ئەوەی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) ئەو گوتانەی بایدنی بڵاوكردەوە، ئیدی ئەردۆغان لەوە گەیشت كە بایدن، چارەی ئەوی ناوێت و هەوڵ بۆ دوورخستنەوەی دەدات، بۆیە رووی لە ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی رووسیا كرد.
ناكۆكی نێوان بایدن و ئەردۆغان، بەئاشكرا رەنگی داوەتەوە، لەوەتەی بایدن دەسەڵاتی لە ئەمریكا گرتووەتە دەست، لەسەر هیچ بابەتێك لەگەڵ ئەردۆغاندا رێك نەكەوتووە، بۆ نموونە (S400، F16، رۆژئاوای كوردستان، ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ).
بایدن و تیمەكەی، چاوەڕوانن ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا دووچاری شكست ببێتەوە، تا هەموو ئەو پرسانەی لەسەری ناكۆكن، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی توركیا یەكلایی بكەنەوە، دیارترینیان بابەتی ئەندامبوونی سوید و فینلەندایە لە ناتۆ.
رەنگە یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردبێت كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا پشت لە هەدەپە بكات و نەیخاتە ناو هاوپەیمانیی خۆیەوە، بوونی رێككەوتنێك بێت لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و ئەمریكا و هەدەپە، بەوەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەبەر رای گشتی توركیا هەدەپە نەخاتە ناو هاوپەیمانیی خۆیەوە، بەڵام هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بكات و ئەگەر سەركەوتوو بوون، ئەوكات هەدەپە لەناو حكوومەتدا سێ وەزارەتی پێ دەدرێت.
ئەگەر سەیری تازەترین دیمانەی كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە بكەین، دەڵێت سەلاحەدین دەمیرتاش، بەناهەق لە زیندانە و ئەگەر بێینە سەر دەسەڵات، ئازادی دەكەین، هەروەها لە پڕۆژەی هەڵبژاردنیاندا، داخستنی پارتیان بەتەواوی قەدەغە كردووە و هەروەها هەڵگرتنی پارێزبەندیشیان لە پەرلەمانتار و قەیوومی شارەوانییەكانیان قەدەغە كردووە، ئەمانەش هەمووی لەبەرژەوەندی كوردن، بەتایبەت هەدەپە.
بەڵام، پۆتین هەموو هەوڵێك دەدات تا بتوانێت ئەردۆغان، ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا، چونكە هەر كەسێك بێتە شوێنی ئەردۆغان، ناتوانێت وەكو ئەردۆغان بۆ پۆتین بكات، ئاخر ئەردۆغان پشتی لە تەواو ناتۆ كرد، مووشەكی بەرگری S400 ی لە رووسیا كڕی، جیا لەوەش لەبارەی سووریاوە هاوڕان و خاكی سووریایان لە نێوان خۆیان دابەش كردووە و لەهەمووشی گرنگتر، وڵاتانی ئەورووپا گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر رووسیا، بەهۆی ئەوەی جەنگی لە دژی ئۆكڕاینا بەرپا كرد، بەڵام توركیا بەپێچەوانەوە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیا پتەوتر كرد.
پێشتریش، خودی پۆتین تۆمەتبار كرابوو، بەوەی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتری ئەمریكا كردووە، بۆیە ترامپ توانیویەتی سەركەوتوو بێت، ئەمەش دەریدەخات كە رووسیا ئەگەر بیەوێت دەستوەردان لە هەر هەڵبژاردنێكی وڵاتان بكات، ئاسانە و دەستی پێی دەگات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا، تیمێكی گەورە و شارەزای پێك هێناوە، ئەو تیمە كاریان تەنیا ئەوەیە رێگە لە ساختەكاری بگرن، هەرچەندە پارتی دەسەڵاتیش لە توركیا، ترسیان هەیە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە هاوكاری ئەمریكا ساختەكاری بكات.
هەڵبژاردنی توركیا، تەنیا لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی ئێستا نییە، بەڵكو لە نێوان رووسیا و ئەمریكاشە.