بەڕێوەبەری هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا: 6 مانگی داهاتوو لە ئۆکرانیا یەکلاکەرەوە دەبێت

بەڕێوەبەری هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا “CIA” جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، 6 مانگی داهاتوو لە ئۆکرانیا یەکلاکەرەوە دەبێت.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ری كاب نیوز، ولیه‌م بێرنز، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا، له‌گوتارێكدا له‌ چالاكییه‌كی تایبه‌ت به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ زانكۆی جۆرج تاون له‌ واشنتن گوتی: “CIA” له‌و با‌وه‌ڕه‌دایه‌، 6 مانگی داهاتوو بۆ دیاریكردنی ئه‌نجامی كۆتایی شه‌ڕی ئۆكرانیا، یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت.

بێرنز روونیشیکردەوە، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، چارەسەرەکە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا لە بەرەکانی شەڕدا دەبێت.

پێشتریش هێنری كیسینجه‌ر وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا 3 سیناریۆی پێشبینیكراوی بۆ كۆتایی هاتنی جه‌نگی ئۆكرانیا بڵاوكردبووه‌وه‌.

كیسینجه‌ر، دیپلۆماتكاری خانه‌نشین و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڤاری  (زه‌ سپیكتیتۆر) رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر رووسه‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت، كۆتایی به‌شه‌ڕ دێت.

كیسینجه‌ر راشیگه‌یاندبوو، رووسیا پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ رێژه‌ی %20ـی خاكی ئۆكرانیا كۆنترۆڵ بكات، ئه‌وانیش پێكهاتوون له‌ هه‌رێمی دۆنباس، ناوچه‌ پیشه‌سازی و كشتوكاڵییه‌كان، به‌شێك له‌ ناوچه‌ به‌نده‌رییه‌كانی سه‌ر ده‌ریای ره‌ش، ئه‌مه‌ بۆ مۆسكۆ راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنه‌.

ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، سیناریۆی دووه‌م، ده‌ركردنی سوپای رووسیایه‌ له‌ ئۆكرانیا، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی كریمیا، هه‌روه‌ها له‌كاتی به‌رده‌وامبوونی جه‌نگ، مه‌ترسی په‌ڕینه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.

سیناریۆی سێیه‌م، گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بۆ پێش 24ـی فێبرایه‌ر و به‌ر ده‌ستپێكی جه‌نگ، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی پڕچه‌ككردنی كیێڤه‌وه‌ ده‌كرێت، یاخوود ئۆكرانیا له‌ داهاتوودا بكرێته‌ ئه‌ندامی ناتۆ.