كارزان گلی – ههولێر
هەدەپە، بڕیاری داوە بە بەربژێری تایبەت بە خۆی بەشداری هەڵبژاردن بكات، بەڵام هێشتا ناوی هیچ بەربژێرێكی دیاری نەكردووە، ئەگەر ئەو هەنگاوەش بكاتە كردار، هەموو بۆچوونەكان و پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، كە هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەم و لە گەڕی دووەمیش گەمەی هەڵبژاردن سەختتر دەبێت.
كاتێك دەڵێین هەدەپە رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، نموونەی هەڵبژاردنی پێشووترمان بینیوە، كە هەدەپە توانی هاوكێشەی سیاسی لە توركیا بگۆڕێت و گورزی گەورە لە ئەردۆغان بدات.
بەربژێربوونی كەسێك لەلایەن هەدەپەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بووەتە رۆژەڤێكی گرنگی توركیا، چونكە ئەگەر هەدەپە بەربژێری خۆی هەبێت، هیچ لایەنێك، واتە نە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن و نە بەربژێری دەسەڵات، ناتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، هەدەپە لە پێنج شاری توركیا هیچ بەربژێرێكی نەبوو، بەڵكوو لە بری بەربژێر پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن كرد، بۆ ئەوەی گورز لە بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە بدات، ئەنجامەكەش ئاشكرایە، لە هەموو ئەو شارانەی كە هەدەپە بەربژێری نەبوو و پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن كرد، سەركەوتن بۆ ئۆپۆزسیۆن بووە و بەربژێرانی ئاكەپە و مەهەپە شكستیان هێنا.
بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كە تەنیا سێ مانگی ماوە، باوەشی بۆ هەدەپە نەكردووەتەوە و نەیخستووەتە ناو هاوپەیمانیی خۆیەوە، بۆیە هەدەپە بڕیاری داوە بەربژێری تایبەت بە خۆیان هەبێت.
دادگای دەستووری توركیا، بڕیاریدا بۆ ماوەیەكی كاتی بودجەی هەدەپە بلۆك بكات، جیا لەوەش پڕۆسەی داخستنی هەدەپە گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت و رەنگە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو یەكلایی ببێتەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا هیچ هەڵوێستێكیان بەرامبەر بەو فشارنەی سەر هەدەپە نەبوو و خۆیان لە هەدەپە نەكردە خاوەن، بۆیە ئەمە وای كرد هەدەپە بێئومێد بێت لە ئۆپۆزسیۆن و بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت، كە هێزی جەماوەری خۆی نیشانی ئۆپۆزسیۆن و پارتی دەسەڵات بدات.
مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی دا، هەندێك پێیانوایە ئەگەر هەدەپە بەربژێری خۆی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەڵە دەكات، بەڵام ئێمە پێیان دەڵێین، تا كاتی هەڵبژاردن دەرگای دانوستاندن لەسەر یەك بەربژێر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن كراوەیە، ئەمەش دەریدەخات كە هەدەپە دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە كاتی دیاری كردنی بەربژێرێك پرس بە هەدەپە بكات و حیسابی قورسایی دەنگی بۆ بكات.
وەهاب جۆشكوون، شارەزای سیاسی و مامۆستا لە زانكۆی دیجلە لە باكووری كوردستان، پێیوایە هەدەپە بەربژێری خۆی دەبێت، چونكە ئیدی زەحمەتە بتوانێت پەشیمان ببێتەوە، بەڵام ئەگەر هەدەپە بەربژێری خۆی دیاری بكات، ئەوكات هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە هەدەپە روون دەبێتەوە.
جۆشكوون قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”هەدەپە دەیەوێت بە دەنگدەری خۆی بڵێت كە قورسایی چەند زۆرە و هەروەها بە دیاریكردنی بەربژێر، خۆی هەڵدەسەنگێنێت و هێزی خۆی نیشان دەدات، بۆیە بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەكەوێتە گەڕی دووەم. كاتێك هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەم، ئیدی شانسی هەدەپە بەرز دەبێتەوە لەوەی هەردوو لایەن دەكەونە مامەڵەكردن لەگەڵ هەدەپەدا و داوای دەنگی لێ دەكەن، چونكە ئەوكات دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت“.
ئەگەر هەڵبژاردن بكەوێتە گەڕی دووەم، توركیا دەكەوێتە ناو نائارامییەكی زۆرەوە، چونكە ئەوكات شەڕی سەختی ئۆپۆزسیۆن و ئاكەپە دەستپێدەكات و هەدەپەش رۆڵی یەكلاكردنەوەی ئەو شەڕە دەبینێت.
ئەگەر ئاكەپە توانی بڕوا بە هەدەپە بهێنێت كە دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان بدەن، ئەوكات هەدەپە زەحمەتە راستەوخۆ بە دەنگدەر بڵێت دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، چونكە پێشتر ئەویان وەكوو دكتاتۆر و تاكڕەو وەسف كردووە، بۆیە ناكرێت بڵێن دەنگ بە تاكڕەو بدەن، بەڵام رەنگە بە بەشێكی لە دەنگدەرانیان بڵێن نەچنە سەر سندوقی دەنگدان، یان بە بەشێكیش بڵێن دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، بەڵام پڕۆسەكە بەو شێوەیە نابێت كە راستەوخۆ بە دەنگدەر بڵێن دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، بەڵام شانسی هەدەپە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەرز دەبێتەوە و هەموو لایەنەكان لەدەرگای دەدەن و داوای دەنگی لێ دەكەن.
هەدەپە، بە 12%ی دەنگەكانەوە، دەتوانێت یارییەكی باش لەم هەڵبژاردنەدا بكات، تەنانەت دەتوانێت ئەسێستێك بداتە هەر لایەنێك بۆ ئەوەی گۆڵی سەركەوتن لە هەڵبژاردندا تۆمار بكات.