دلۆڤان رەحیم – ههولێر
بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی واشنتۆن بکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانەکەی پشتڕاست کردەوە و دەڵێ بۆ دوو پرس گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دەکەن. ئەو سەردانە یەکەم سەردانی شاندی عێراقە بۆ ئەمریکا لەدوای هاوینی 2021 کە تێیدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکای کرد و چەند پرسێکی لەگەڵ ئەو وڵاتە تاوتوێ کرد .
بەپێی زانیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوو پرس لەو کۆبوونەوەیە تاوتوێ دەکرێن، گرنگترینیان ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوولا کە لە 2008دا واژۆ کرا لە ڕۆژانی کۆتایی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش .
لە یەکەم ساڵی ئیدارەکەیدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە ڕێککەوتنی ستراتیجیی لەگەڵ عێراق کردەوە. بایدن کە هاتە سەر دەسەڵات بە ڕوانگەیەکی ڕوونی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستی بەو پلانە کرد، چونکە شارەزاییەکی تەواوی لەو پرسە هەبوو و زیاتر لە 30 ساڵ سیناتۆر و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانیش بوو . بایدن لە 2003 کاتێک ئەمریکا دەستی بە پرۆسەی ئازادی عێراق کرد، لەو پۆستەدا بوو، دوای ئەوەش چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگەداری دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت. ئەوکات ،پێچەوانەی دوو سەرۆکی پێشوو ئۆباما و ترەمپ، بایدن پشتیوانیی پرۆسەی ئازادیی عێراقی کرد. سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا ڕەخنەی زۆری لە پرۆسەی سیاسی عێراق هەبوو و بەردەوام لە نزیکەوە هەوڵی داوە باشتری بکات، بەڵام جێبەجێ نەکردنی دەستوور و پشتکردنە سیستەمی فیدراڵی، یەکێک بووە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم ئەمریکا لە سیاسەتی بەرامبەر عێراق، بەتایبەت لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە. هەرچەندە ستراتیجیی ئەمریکا کشانەوە بووە لە چەندین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە ئەفغانستان، بەڵام بایدن لە چەند بۆنەیەکدا ڕایگەیاندووە کە پابەندن بە هاوکاری هێزە عێراقییەکان و ئەرکی هێزەکانیشیان لە هێزی شەڕکەر گۆڕاوە بۆ هێزی مەشقپێکەر .
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەردانی شاندەکەی عێراق ڕایگەیاند:سەردانەکە دەکرێت بەڵام ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا نەکرد، دەڵێ نێوەڕۆکەکەی ئاشکرا ناکەین تاوەکو کاتەکەی دیاری نەکرێت، بەپێی زانیارییەکان ئەو سەردانە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە دەبێت .
هەرچەندە ئەمریکا و عێراق پشتڕاستی ناکەنەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ڕێکارە تووندەکانی ئەمریکا بەرامبەر بەهای دۆلار لە عێراق یەکێک بێت لە پرسەکانی نێوانیان، ئەمریکا نایەوێت و ئامادە نییە دۆلار بە کاش بۆ عێراق بنێرێت و لەوێشەوە بچێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی دیکە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگری لەو پرسە. تەنانەت ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئێران هەوڵی خۆ دزینەوە لە سزاکان دەدات و دەیەوێت لە ڕێگەی عێراقەوە دۆلار بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەوەش قبوڵ نەکراوە. ئەو ڕێکارانەش وای کردووە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی کەم ببێتەوە. نێد پرایس دەڵێ :سزاکان پرۆسەیەکی ورد و بەردەوامن، ئێمە پابەندیمان هەیە لەگەڵ هاوبەشانمان بۆ جێبەجێکردنی وەکو خۆی، عێراقیش هاوبەشی ئێمەیە، ئێمە کار دەکەین بۆ بەرژەوەندی حکومەت و گەلی عێراق .