سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئاماری زیانە گیانییەکانی بومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندرا

شەوی رابردوو، بوومەلەرزەیەکی بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند، لەئاکامدا نزیکەی 800 کەس برینداربوون.

ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران رایگەیاند، چەقی بوومەلەرزەکە حەوت کیلۆمەتری ژێر زەوی بووە و لە 23 کیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی شاری خۆی و 94 کلیۆمەتر باکووری ورمێ روویداوە.

محەممەد سادق، پارێزگاری ورمێ لەبارەی زیانە گیانییەکانی بومەلەرزەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی “ئیرنا”ی راگەیاند، 816 کەس برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا ئێرانییەکان، بەهۆی بومەلەرزەکەوە 70 گوند زیانی ماددیان بەرکەوتووە.

ژمارەی دانیشتوانی شاری (خۆی) بە نزیکەی 200 هەزار کەس دەبێت، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەربە پارێزگای ورمێ و هاوسنووری باکووری کوردستان و لە نێوان دوو گۆلی وان و ورمێیە.

“خۆی” کەوتووتە پاڵ کێوێک لە بەردی خوێ و ناوە کوردییەکەی لەم بەردانەوە وەرگیراوە.