ئاكەپە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی 2023 تەواو كرد

ئاكەپە، دوای 20 ساڵ حوكمڕانی لە توركیا، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی (2023)، بە زمانێكی تر و ستراتیژییەتێكی تازەوە دێتە مەیدان و دەیەوێت دیسان ببێتەوە بە زۆرینەی پەرلەمان و هەروەها سەركۆمارەتیی توركیاش بۆ خۆی مسۆگەر بكات.

ئاكەپە هەموو ئامادەكارییەكی بۆ هەڵبژاردنی 2023 بەكۆتا هێنا و وەكو ئەوەی لە میدیاكانیشیانەوە باسی دەكەن، بە زمانێكی تر و ستراتیژییەتێكی تازەوە دێنە مەیدان، چونكە بارودۆخەكە وا دەخوازێت.
ئاكەپە ستراتیژییەتی هەڵبژاردنی 2023ی بەجۆرێك داڕشتووە، كە زیاتر فۆكەس دەخاتە سەر رەوشی ئابووری لە توركیا، چونكە یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە ئاكەپە ئاستی جەماوەری دابەزێت، خراپی رەوشی ئابوورییە لە توركیا.
ئاكەپە، لەڕووی ئابوورییەوە تیشك دەخاتە سەر ئەو خاڵانە و پروپاگەندەی بۆ دەكات:
یەكەم: ئەگەر ئاكەپە لە هەڵبژاردن بیدۆڕێنێت، توركیا دەدۆڕێت.
دووەم: ئەگەر ئاكەپە لە هەڵبژاردن بیدۆڕێنێت، كێشەی ئابووری لە توركیا لەوەی ئێستا زیاتر گەورە دەبێت و چارەسەر نابێت.
سێیەم: رەوشی ئابووری و هەموو كێشەكانی تر، تەنیا ئاكەپە دەتوانێت چارەسەری بكات.
جیا لەوانەش، ئاكەپە بەنیازە تا كاتی هەڵبژاردن، هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا كەم بكاتەوە، كە ئێستا زیاترە 90٪ە، ئەو هەڵاوسانەش وای كردووە رەوشی ئابووری زۆر خراپ بێت و هاووڵاتی بەدەست هەژارییەوە بناڵێنێت.
عوسمان سێرت، شارەزای سیاسەت، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (DW) ی توركی، دەڵێت ئەردۆغان 20 ساڵە حوكمی توركیا دەكات، بەدڵنیاییەوە نابێت لەم هەڵبژاردنە تەنیا ئەو شتانە باس بكات كە پێشتر باسی كردوون و دەبێت شتی تازەی پێبێت.
سێرت دەڵێت: ”دەبێت بزانین لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، ئەردۆغان ئەو بەڵێنانەی داویەتی تا چەند جێبەجێ كردوون، جیا لەوەش ئەو بەڵێنانەی ئێستا دەیدات تا چەند دەتوانێت جێبەجێ بكات، بەتایبەت بەڵێنە ئابوورییەكان.“
باس لەوەش دەكات، ئێستا لە توركیا هاووڵاتی كەسێك دەبینیێت و ناوی ئەردۆغانە و توركیا بەڕێوە دەبات، جا باشە یان خراپ ئەوە شتێكە ترە، بەڵام ئەوەی هاووڵاتی توركیا نایبینێت، كەسێك نییە كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەڕێوە ببات و ئەوان پەرش و بڵاون.
تاوەكوو ئێستا، ستراتیژییەتی ئاكەپە بۆ باكووری كوردستان ئاشكرا نەكراوە و نازانرێت ئاكەپە بەچی دروشمێكەوە دەچێتە باكوور و داوای دەنگ لە كورد دەكات.
ئەوەی باس دەكرێت و دەزگا راپرسییەكان بڵاویان كردووەتەوە، دەنگدەری كورد و بەتایبەت موحافیزكارەكان، لە ئاكەپە توڕەن، چونكە سیاسەتێكی خراپ بەرامبەر بە كورد پەیڕەو دەكات و مەهەپە چی بڵێت داواكارییەكانی مەهەپە دژی كورد جێبەجێ دەكات.
وەكوو ئەوەی عەبدولقادر سێلڤی، نووسەری نزیك لە ئەردۆغان باسی دەكات، ئەردۆغان شتی تازەی بۆ كورد پێیە، دیارترینیان ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی گەورەی ئابوورییە لە باكووری كوردستان و هەروەها گفتوگۆكردنە لەگەڵ خەڵكی سڤیل و ئەو رۆشنبیرانەی باكوور کە لەگەڵ ئاشتیدان.
نازانرێت ئاخۆ ئەردۆغان، بەڵێن بە كورد دەدات ئەگەر ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا، خوێندن بە زمانی كوردی رێگەپێدراو دەبێت، یان بەڵێنەكانی تەنیا ئابوورین و هیچ پەیوەندییەكی بە چارەسەری پرسی كوردەوە نییە.
ستراتیژییەتی ئاكەپە بۆ هەڵبژاردنی 2023 لەڕووی ئابوورییەوە روونە، بەڵام بۆ كورد روون نییە و بە شەرمەوە لە پرسی كورد دەڕوانێت، هۆكارەكەشی ئاشكرایە، مەهەپەی هاوپەیمانیی رێگریی لێ دەكات و بەهیچ شێوەیەك نایەوێت مافی كورد جێبەجێ بكرێت.