لەم هەڵبژادنەدا ئۆپۆزسیۆن سەر نەکەوێت، دەتوێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی توركیا، تەنیا پێنج مانگی ماوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا تاوەكو ئێستا لەسەر بەربژێرێك رێک نەكەوتوون تا بیكەنە ركابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش دەنگدەری ئۆپۆزسیۆنی نیگەران كردووە و بەپێچەنەوە ئەردۆغان و ئاكەپەی بەهێز كردووە و وای نیشان دەدەن، كە ئۆپۆزسیۆن ئەگەر نەتوانن لەسەر بەربژێرێك رێك بكەون، ئەی چۆن دەتوانن توركیا بەڕێوە ببەن.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە شەش پارت پێك هاتووە و هاوپەیمانییەتێكیان پێك هێناوە لەژێر ناوی (هاوپەیمانیی میللەت)، ئەگەرچی پارتی دەوا و ئاییندە لەناو ئەو هاوپەیمانییەدا نین، بەڵام بۆ بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەیەك بەربژێر بەشداری دەكەن، ئەگەرچی تاوەكوو ئێستا لەسەر هیچ كەسێك بۆ بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی رێكنەكەوتوون. كاتێك دەڵێین ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی مێژووییدایە، واتە ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا نەتوانن لە ئەردۆغان و پارتەكەی ببەنەوە، ئیدی شانسی بردنەوەیان كۆتایی پێ دێت و دەبێت پارتێكی تری ئۆپۆزسیۆن دروست ببێت، ئەوكات بتوانێت ركابەری ئەردۆغان بكات.
ئاكەپە و ئەردۆغان، بیست ساڵە بەتەنیا توركیا بەڕێوە دەبەن، لەو ماوەیەدا كاری باش و خراپیشیان ئەنجام داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆرە متمانەی گەلیان بەدەستهێناوە، كەواتە كاری باشەیان لە خراپە زۆرتربووە، بەڵام لەوكاتەوەی سیستەمی توركیا بووەتە سەرۆكایەتیی لە 2017، ئیدی سەردەمی ئەردۆغان وەكوو سەركۆمار و تاكە بڕیاردەری توركیا دەستیپێكرد، ئەمەش توركیای دووچاری قەیرانێكی گەورەی ئابووری كردەوە.
ئەردۆغان، لە باكووری كوردستان، دەنگدەرێكی زۆری كوردی لە خۆی نیگەران كرد، چونكە كاتێك لەگەڵ مەهەپەی دژە كورددا بووە هاوپەیمان و پرسی كوردی فەرامۆش كرد، ئیدی كوردەكانیش لێی دووركەتنەوە.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەوەتەی ئاكەپە لەسەر دەسەڵاتە لە 2002ەوە، هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا بەهێز نەبوون و لە كورسی سەرۆكایەتیی و هەروەها زۆرینەی پەرلەمان نزیك نەبوونەتەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا ستراتیژییەتی ئۆپۆزسیۆن ناڕوونە. راستە باس لە گۆڕینی سیستەم و هەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن، بەڵام گەورەترین پرسی توركیا كە پرسی كوردە لەلای ئۆپۆزسیۆن نەبووەتە بابەت و بەیەك وشەش باسیان نەكردووە، ئەمەش كوردی نیگەران كردووە.
دەزگا راپرسییەكان دووپاتی دەكەنەوە، دەنگدەری كورد لە باكووری كوردستان لە ئاكەپە نیگەرانن، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە پرسی كوردی فەرامۆش كردووە، كەچی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەهەمان هەڵەدا دەڕوات و ئەویش باس لە چارەسەركردنی پرسی كورد ناكات و رێگەچارەی ئەو پرسەیان بە نووسین بڵاونەكردووە، تەنیا لەچوارچێوە بەڵێنی زارەكەی دەڵێن پرسی كورد چارەسەر دەكەین.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لەبری ئەوەی خۆی لە كورد نزیك بكاتەوە، كەچی دەڵێت بەناوهێنانی وشەی كوردستان نیگەران بووم، داوای دەنگیش لە كورد دەكات.
جیا لەوەش، قەیرانی ئابووری لە توركیا، هۆكارێكی سەرەكی دابەزینی ئاستی جەماوەری ئاكەپە و ئەردۆغانە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هیچ ڤیزیۆنێك یان پلان و بەرنامەیەكی تۆكمەی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری پێ نییە، بۆیە ئاكەپە دەڵێت، قەیرانی ئابووری تەنیا بە ئاكەپە چارەسەر دەكرێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، تاوەكوو ئێستا لەناو خۆیاندا لەسەر بەربژێرێك رێكنەكەوتوون بۆ ركابەری ئەردۆغان، ئەمەش عەیبەیەكی گەورەیە و دەرخەری ئەو راستییەیەیە كە لەناو خۆیاندا كێشەیان هەیە و لەسەر كەسێك رێكناكەون.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەنزیكبوونەوە لە كورد و هەروەها پلانی چارەسەركردنی پرسی كورد، دەتوانێت كورسی سەرۆكایەتیی و زۆرینەی پەرلەمان لە ئاكەپە وەربگرنەوە. هەروەها ئەو كەسەی دەیكەنە بەربژێری سەرۆكایەتی، دەبێت پرۆفایلەكەی بەرز بێت و كوردیش قبووڵی بێت، چونكە بەبێ دەنگی كورد، ئۆپۆزسیۆن سەركەوتوو نابێت، بۆیە ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەژێر تاقیكردنەوەیەكی زۆر گەورەدایە، بەڵام بێئاگایە لەوەی، هەرچەندە لە هەدەپە و دەنگدەری كورد دوور بكەوێتەوە، ئەوەندەش لە كورسی سەرۆكایەتیی توركیا دوور دەكەوێتەوە.