ئاكشەنەر؛ ئازادیخواز بۆ توركیا، توندڕەو لەسەر كورد

كارزان گلی – هه‌ولێر

مەراڵ ئاكشەنەر، ئەو سیاسییەی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێت هاوكێشەی سیاسی لە توركیا بگۆڕێت و قورسایی پارتەكەی (پارتی خاس)، ئەوەندەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە. وەكو ئۆپۆزسیۆن خۆی دەناسێنێت، بەڵام رێگە نادات هیچ پارتێكی كوردی بێتە ناو هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنەوە، وەكو ئازادیخواز خۆی نیشان دەدات، بەڵام بەرامبەر بە كورد توندڕەوە. هەندێك پێیان وایە، ئاكشەنەر بەدژایەتیكردنی كورد، رەنگە سەری ئۆپۆزسیۆن بخوات.

پارتی خاس، كە ئاكشەنەر سەرۆكایەتی دەكات، خاوەنی چل كورسی پەرلەمانییە، بەگوێرەی ئەنجامی دەزگا راپرسییەكانی توركیا، لە هەڵبژاردنی دابێدا سەدا١٥ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، هەفتەی رابردوو داوای لە ئاكشەنەر كرد، بێتە ناو هاوپەیمانی (كۆماری)، چونكە ئەو نیشتیمانپەروەرە و نابێت لە ریزی ئۆپۆزسیۆن بێت، كە ئەردۆغان بە پاڵپشتی لە تیرۆر وەسفی كردن.
كاتێك دادگای توركیا، بڕیاری دا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرشارەوانی ئیستانبۆڵ بە دوو ساڵ و حەوت مانگ و پانزە رۆژ زیندانی سزا بدرێت، ئاكشەنەر زوو خۆی گەیاندە لای و لە میتینگێكی گەورەدا پشتگیریی خۆی بۆی دەربڕی. ئاكشەنەر گوتی، وەكپو چۆن ئەردۆغان لەسەر گوتنەوەی شیعرێك لە توركیا دەستگیر كرا و ئەوكات خۆم گەیاندە لای ئەمینەی هاوسەری و پشتگیریم لە ئەردۆغان كرد، ئێستاش هەر پشتگیریی لە دیموكراتی و ئازادی دەكەم و پەشیمان نیم.
بەڵام یاڵچن دۆغان، نووسەری دیاری توركیا، بە ئاكشەنەر دەڵێت، ئەی بۆچی كاتێك سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە دەستگیر كرا هەڵوێستت نەبوو؟ بۆچی ئەو هەموو پەرلەمانتارەی هەدەپە دەستگیر كرا پاڵپشتیان نەبووی؟ ئایە دەكرێت تەنیا بۆ تورك ئازادیخواز بیت و بۆ كورد وا نەبیت؟
وەكچۆن هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پاڵپشتی لە كام بەربژێر بكات، ئەو بەربژێرە شانسی سەركەوتنی هەیە، بەهەمان شێوە پارتی خاسیش پاڵپشتی لە كام بەربژێر بكات، ئەو بەربژێرە شانسی بردنەوەی هەیە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە، پارتی خاس بەرەیەكی گەورەی ئۆپۆزسیۆنیان پێك هێناوە كە شەش پارتی سیاسین و خۆیان یەكلایی كردووەتەوە كە بەربژێرێكیان دەبێت دژی ئەردۆغان، بۆیە لێرەدا هەدەپە قورسایی زیاترە و ئەگەر دەنگ بە بەربژێری كام بەرە بدات، ئەو بەرەیە ئەگەری سەركەوتنی زۆرە.
ئاكشەنەر، بەدژایەتیكردنی كورد، رەنگە سەری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بخوات و دەنگدەری كورد، بەتایبەت هەدەپە لە ئۆپۆزسیۆن دوور بخاتەوە، ئەمەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ سوودگەیاندنە بە ئاكەپە و ئەردۆغان، بۆیە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەوڵدان، ئاكشەنەر نەرم كەن و لە هەدەپە نزیك ببێتەوە، گەر وا نەكات، هاوكێشەی سیاسی لە قازانجی ئەردۆغان دەگۆڕێت و ئەنجام ناوی وەكو سەركردەیەكی فاشیل دەچێتە مێژووەوە.