سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو توركیا بەرەو دابەشبوونێكی گەورە دەبات

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستانبۆڵ، لەلایەك چاوەڕێی بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەیە بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەیەوە بدرێت، كە زیندانیكردنە بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ و پانزە رۆژ، لەلایەكی ترەوە چاوی بڕیوەتە شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا، تا بەربژێری بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023.

رەنگە لە ئێستادا لە توركیا، هیچ كەسایەتییەكی سیاسی لەناو ئۆپۆزسیۆن، ئەوەندەی ئیمامئۆغڵو گرنگ و بەتوانا نەبێت كە بتوانێت ركابەری لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغاندا بكات، بۆیە بنكەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن و پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ئیمامئۆغڵویان دەوێت تا ببێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023.
ئەردۆغان، دەزانێت ئەگەر ئیمامئۆغڵو ببێتە ركابەری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2023، رەنگە هەڵبژاردن بدۆڕێنێت، چونكە لە 2019، لە یارییەكی هەڵبژاردندا بەرامبەری دۆڕاندی، ئەویش دوای ئەوەی بیناڵی یڵدرمی كردە بەربژێری ئاكەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان و ئەردۆغان بۆ خۆی پروپاگندەی بۆی دەكرد، بەڵام ئیمامئۆغڵو، توانی بەسەر بەربژێرەكەی ئەردۆغاندا سەركەوێت و ئەمەش زەنگێكی گەورەی مەترسی بوو بۆ ئەردۆغان، كە لە 2023، ئیدی شەڕەكە دەكەوێتە نێوان ئەردۆغان و ئیمامئۆغڵو.
بەگوێرەی شڕۆڤەی چەند سیاسییەك، ئەردۆغان نایەوێت ئیمامئۆغڵو ببێتە ركابەری، بۆیە بەر لەوەی ئۆپۆزسیۆن بەربژێری بكات، ئەو دەیەوێت بیخاتە زیندانەوە، بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2019، كاتێك هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دووبارە كرایەوە و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش ئەو بڕیارەیدا، ئەوكات ئیمامئۆغڵو، وشەی ئەحمەقی بەرامبەر بە كۆمیسیۆن بەكارهێنا، بۆیە داوای یاسایی لەسەر تۆمار كراوە و لەسەر ئەو دۆسیەیە دادگایی كرا.
سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی توركیا، دەڵێت دادگاییكردنی ئیمامئۆغڵو و سزادانی بە دوو ساڵ و خەوت مانگ و 15 رۆژ، نایاساییە و مایەی قبوڵكردنی نییە، چونكە لەسەر وشەیەك ناكرێت سەرۆكی شارەوانی كە نوێنەری 15 ملیۆن دەنگدەر دەكات دەستگیر بكرێت.
لە چەند رۆژی داهاتوو، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەی ئیمامئۆغڵووەوە دەدات، بەڵام ئۆپۆزسیۆن و خودی ئیمامئۆغڵو، شەڕێكی زۆر سەختی میدیاییان دژی ئاكەپە و ئەردۆغان دەستپێكردووە و رۆژانە بەبەڵگە و داتا، چالاكی شارەوانی ئیستانبۆڵ نیشان دەدەن و هەروەها باس لە گەندەڵییەكانی ئاكەپە دەكرێت. ئیمامئۆغڵوش هەڕەشە دەكات، ئەگەر دەستگیری بكەن، رەنگە كارەساتی بەدوا بێت.
ناگیهان ئاڵچی، رۆژنامەنووسی نزیك لە ئاكەپە، لە وتارێكدا هۆشداری دەداتە دەسەڵات، ئەگەر ئیمامئۆغڵو دەستگیر بكەن، توركیا دابەش دەبێت و دووبەرەكییەكی زۆر سەخت بەرۆكی توركیا دەگرێت، بۆیە دەڵێت دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، هەنگاوێكی خراپە.
ئەردۆغان، بۆ مانەوەی خۆی بەر لە هەڵبژاردن كە شەش مانگی ماوە، دەستی بۆ زۆر دۆسییە بردووە، كە دوانیان رۆژەڤی توركیایە، یەكەم داخستنی هەدەپەیە، كە خاوەنی شەش ملیۆن دەنگدەرن، هەروەها دووەمیش دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵووە، كە ئەویش توانی لە هەڵبژاردنی 2019 زیاتر لە هەشت ملیۆن دەنگ بەدەست بهێنێت، تەنیا هەدەپە و ئیمامئۆغڵوش بەربەستی گەورەن لەبەردەم ئەردۆغاندا.
بەڵام ئەمەش بۆ ئەردۆغان ریسكی هەیە، بۆ نموونە توڕەبوونی دەنگدەر لە كاتی داخستنی هەدەپە و دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، رەنگە ببێتە هۆكاری ئەوەی بە حەماسەوە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بدەن، جا هەر كەسێك بێت. لەوەش مەترسیتر، دەنگدەری ئاكەپەش دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بدەن، ئەمەش لە 2019 بینرا، كاتێك ئیمامئۆغڵو بە جیاوازی هەشت هەزار دەنگ توانی شارەوانی ئیستانبۆل بباتەوە، ئاكەپە تانەی لە ئەنجامەكەدا و هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە، ئەوكات ئیمامئۆغڵو، خۆی وەكوو مەزڵومێك نیشاندا، بۆیە لە هەڵبژاردنی دووەمدا، بە جیاوازی 800 هەزار دەنگ سەركەوتنی بەدەستهێنا، چونكە بەشێكی دەنگدەری ئاكەپەش دەنگیان بە ئیمامئۆغڵودا.
لە داهاتوویەكی نزیك روون دەبێتەوە، ئاخۆ ئیمامئۆغڵو دەبێتە ركابەری ئەردۆغان بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا، یان دەرگای زیندانی بۆ دەكرێتەوە و دەیبەنە لای سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە.