بڕینی بەشە بودجەی هەدەپە كار دەکاتە سەر داخستنی؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەندامانی دادگای دەستووری توركیا لە 15 ئەندام پێک دێت، بۆ ئەوەی بتوانن پارتێكی سیاسی دابخەن، پێویست دەكات لە كۆی ئەو ژمارە ئەندامانە، 10 ئەندامیان بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەگەر یەك ئەندام لەو ژمارەیە كەمتر بێت، ناتوانن بڕیاری داخستنی پارت بدەن.

دادگای دەستووری توركیا، سێ رۆژ لەمەوبەر بڕیاری دا، بەشە بودجەی هەدەپە بە شێوەیەكی كاتی رابگیرێت، دوای مانگێك هەدەپە بۆی هەیە بەرگری لە خۆی بكات و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی بەبەڵگەوە بیسەلمێنێت كە وا نییە، ئەوكات بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەی بڕینی بەشە بودجەكەی بە شێوەیەكی هەمیشەیی یان وەكو خۆی بمێنێتەوە دەدرێت.
بەڵام كاتێك بڕیار دراوە بەشە بودجەی هەدەپە بە شێوەیەكی كاتی بلۆك بكرێت، لە كۆی 15 ئەندامی دادگای دەستووری، تەنیا هەشت ئەندام بە بەڵێ دەنگیان داوە، بۆیە ئەمە بۆ میدیاكانی توركیا وەكو شۆكێك وابوو و لە چاوەڕوانی كەسدا نەبووە كە حەوت ئەندامی دادگای دەستووری لەگەڵ ئەوە نەبن بەشە بودجەی هەدەپە بە شێوەیەكی كاتی بلۆك بكرێت.
بەڵام چاوەكان لەسەر ئەوەن، ئاخۆ بڕینی بەشە بودجەی هەدەپە بەشێوەیەكی كاتی، كاریگەریی لەسەر داخستنی دەبێت؟
ئەگەر پرۆسەی دەنگدان لەسەر داخستنی هەدەپە دەستپێبكات و ئەو ئەندامانەی بە نەخێر دەنگیان بە بڕینی بەشە بودجەی هەدەپە داوە و دووبارە دەنگی نەخێر بدەن، ئەوكات هەدەپە داناخرێت، چونكە لە كۆی 15 ئەندام، تەنیا هەشتیان لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەی هەدەپە بوونە و ئەگەر هەر ئەو ژمارەیەش زیاد نەكات بۆ داخستنی هەدەپە، كەواتە دادگای دەستووری دەنگی پێویست ناهێنێت بۆ داخستنی هەدەپە.
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە بۆ هەدەپە، لە 13_2_2023، دادگای دەستووری توركیا سەرۆكێكی تازە هەڵدەبژێرێت، چونكە سەرۆكی ئێستا زوختوو ئارسلان، خانەنشین دەبێت، ئارسلانیش یەكێك بووە لەو دادوەرانەی بە نەخێر دەنگی بۆ بلۆكەكردنی بودجەی هەدەپە داوە.
ئەوەی ناوی دەهێنرێت بێتە شوێنی ئارسلان دوو دادوەرن، هەردووكیان لە پارتی دەسەڵات ئاكەپەوە نزیكن، یەكەمیان رەزوان گولەچە، كە كەسێكی موحافیزكارە و ئەوی تریش بەسری باغچییە، ئەویش بە دادوەرێكی نەژادپەرست ناوی دەركردووە.
ئەگەر بێت و دوای مانگێكی تر، دادگای دەستوور توانی بە 10 دەنگی بەڵێ بودجەی هەدەپە بەیەكجاری ببڕێت، ئەوكات داخستنەكەشی ئاسانتر دەبێت، پێچەوانەكەشی هەر راستە.
هەدەپە، بە تۆمەتی تیرۆر و پاڵپشتی لە پەكەكە، داواكاری گشتی توركیا داوای لە دادگای دەستووری توركیا كردووە، بەشە بودجەكەی ببڕێت، ئەگەر بەشە بودجەكەشی بە یەكجاری ببڕێت و وشەی كاتی لا بدرێت، ئەوكات داخستنەكەشی ئاسانتر دەبێت، چونكە ناكرێت بودجەكەی ببڕن چونكە پەیوەندی بە پەكەكەوە هەیە، بەڵام داینەخەن لەسەر هەمان تۆمەت، ئەگەر سیناریۆیەكی وا روو بدات، ئەوكات دادگای دەستووری دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
ئەگەر دوای مانگێكی تر، دادگای دەستووری بڕیار بدات بەشە بودجەی هەدەپە نەبڕێت و وەكوو خۆی پێی بدرێت، ئەوكات داخستنەكەی قورس دەبێت، چونكە گەر دانیپێدانرا كە پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا نییە بۆیە بودجەكەی نابڕن، كەواتە نابێت دایبخەن، چونكە دۆسییەی داخستنی هەدەپە لەلای دادگای دەستووری توركیا، هەر بە تۆمەتی ئەوەیە كە پاڵپشتی لە پەكەكە دەكات و باڵێكی مەدەنی پەكەكەیە لەناو پەرلەمانی توركیا.
لە بودجەی 2023ی توركیادا، بڕی چوار ملیار و 500 ملیۆن لیرەی توركی بۆ هاوكاری پارتە سیاسییەكانی توركیا دانراوە، تەنیا ئەو پارتانەی بەربەستی هەڵبژاردن دەشكێنن دەتوانن سوودمەند بن لەو هاوكارییە داراییە، كە هەدەپەش یەكێكە لەو پارتانە و بڕی 540 ملیۆن لیرەی بۆ دانراوە. دەبوایە لە مانگی یەكی ئەمساڵدا لەو رێژەیە بڕی 188 ملیۆن لیرەی توركی بخرایەتە سەر هەژماری بانكییەكەی، بەڵام بەشێوەیەكی كاتی بەشە بودجەی هەدەپە بلۆکە كرا.