پەرلەمانی ئێران دەیەوێت گەشتكردن لە بەرپرسانی وڵاتەکەی قەدەغە بکات

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پرۆژە یاسایەكیان لەبەردەستدایە و دەیانەوێت بەزووترین كات گفتوگۆی لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی رێگری لە گەشتكردن و چوونەدەری بەرپرسانی حكومەت بگرن، تەنانەت ئەو كاتەی كە بەرپرسیاریەتیشیان نامێنێت.

ئەمرۆ (شەممە 7ـی کانوونی دووەم)، ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیم، لەوبارەیەوە بڵاویکردەوە، “بەپێی پرۆژە یاساكە بەرپرسان دوای ئەوەی لە بەرپرسیاریەتیشدا نامێنن، بۆ ماوەیەكی دیاریكراو گەشتكردنیان لێ قەدەغە دەكرێت.”

ئاژانسەکە باسی لە هۆکاری ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی لەو شێوەیە نەکردووە، بەڵام لەسەر زاری سەرچاوەی خۆیەوە رایگەیاندووە، “ئەم هەفتەیە خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساکە دەکرێت”.

پڕۆژەیاساکە لە شەش ماددە پێکهاتووە و لە ماددەی شەشەمدا هاتووە، “پڕۆژەکە زیاتر لەسەر ئەو بەرپرسانە جێبەجێ دەکرێت کە هەڵگری دوو رەگەزنامەن یان خزمی زۆر نزیکیان لە دەرەوەی ئێران دەژیت”.