سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: پاریس ده‌یه‌وێت په‌نابه‌ران ره‌وانه‌ی سووریا بكات

ژماره‌یه‌ك رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، رایانگه‌یاند، فه‌ره‌نسا به‌ نیازه‌ په‌نابه‌ران ره‌وانه‌ی سووریا بكات.

ئه‌و رێكخراوانه‌، هه‌وڵه‌كانی فه‌ره‌نسایان له‌و بواره‌دا به‌ “شه‌رمهێن و نایاسایی” وه‌سفكردووه‌.

هه‌روه‌ها داوایان كردووه‌، حكومه‌تی پاریس، روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌وه‌ بخاته‌ڕوو.

رێكخراوه‌كانی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی و “لاسیماد” و “رۆڤیڤر” له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا ئاشكرایان كردووه‌، ده‌مێكه‌ پاریس كار بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات.

ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو، له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2022دا ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌ی ئوت گارۆن له‌ باشووری خۆرئاوای فه‌ره‌نسا و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی پاریس، هه‌وڵیانداوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ باڵیۆزخانه‌ی سووریاوه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، له‌ مانگی ئازار/ مارسی 2012ـه‌وه‌ پاریس و دیمه‌شق په‌یوه‌ندی سیاسییان پچڕاوه‌.

ئه‌و رێكخراوانه‌ ده‌ڵێن: ئه‌م هه‌وڵه‌ی حكومه‌ت “شه‌رمهێنه‌ر و نایاساییه‌ و دژی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌”.

هه‌روه‌ها داوایان كردووه‌، ده‌سه‌ڵاتداران روونكردنه‌وه‌یان پێ بده‌ن و خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌وان پابه‌ندی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بن و رێگه‌ به‌ ناردنی هیچ كه‌سێك ناده‌ن بۆ وڵاتێك، كه‌ مه‌رگ و ئه‌شكه‌نجه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و داوایه‌دا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی فه‌ره‌نسا ته‌نیا ئه‌وه‌ی وتووه‌: كه‌ تا ئێستا هیچ كه‌سێك ره‌وانه‌ی سووریا نه‌كراوه‌.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس