لە ساڵی 2022 کەنەدا ژمارەیەکی پێوانەیی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بەخشیوە

حکومەتی کەنەدا رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی پێوانەیی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان بە کۆچبەران داوە.

بە گوێرەی داتاکانی حکومەتی کەنەدا، 437 هەزار بیانی لەماوه‌ی ساڵی 2022 نیشتەجێبوونی هەمیشەییان لە وڵاتەکە وەرگرتووە، لەهەمانکاتدا ئۆتاوا پلانەکانی چڕکردووەتەوە بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەری زیاتر تاوەکو چارەسەری کێشەی کەمی دەستی کار لە بازاڕ بکات.

حکومەتی کەنەدا ئامانجی بوو لە ساڵی 2022 نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بە 431 هەزار و 645 کەس بدات، بەڵام ئەو ژمارەی تۆمارکراوە لە ئامانجی حکومەتی ئۆتاوا زیاترە و گەورترین ژمارەشە لە مێژووی کەنەدادا.

هاوکات ئەو ژمارەی تۆمارکراوە 9% زیاترە بەراورد بە 2021، هاوکات بەرزترینە ئاستە لە دوای ساڵی 1913ـەوە تۆمارکرابێت.

حکومەتی کەنەدا لە پلانیدایە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 پێشوازی لە 1.45 ملیۆن کۆچبەر بکات و نیشتەجێبوونی هەمیشەییان پێ بدات.