كێشەی نێوان بایدن و ئەردۆغان كاریگەریی لەسەر پەیوەندی دیبلۆماسی ئەو دوو وڵاتە هەیە

لەدوای هەوڵی كودەتای 15ی تەمووز لە توركیا، گرژی نێوان توركیا و ئەمریكا سەری هەڵدا، ئەو گرژییە لەكاتی كڕینی مووشەكی بەرگری S400 لە رووسیا لەلایەن توركیاوە تۆختر بووەوە و ساڵ دوای ساڵ كێشەكان كەڵەكەبوون و چارەسەر نەكران. بەگوێرەی بۆچوونی چەندین شڕۆڤەكاری سیاسی، پەیوەندی ئەمریكا و توركیا لە 2023 ئاڵۆزتر دەبێت.

كاتێك رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆكڕاینا دەستپێكرد، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا خۆی خستە باوەشی ڤلادمیر پۆتین سەرۆكی رووسیا و لێی نزیك بووەوە، ئەو نزیكبوونەوەیەش ئەمریكای نیگەران كرد و بە ئاشكرا توركیایان ئاگادار كردەوە، كە دەبێت بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ رووسیادا بكات، چونكە توركیا ئەندامی ناتۆیە.
ئاڵپەڕ جۆشكوون، دیبلۆماتكاری خانەنشینكراوی توركیا، پێیوایە ئەردۆغان و جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، لە 2022دا، تەنیا توانیان ئیدارەی پەیوەندییەكانیان بدەن، نەیانتوانی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بۆیە لە 2023 رەنگە كێشەی نێوان ئەمریكا و توركیا زۆر خراپ بێت.
جۆشكون قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركیا كردووە و دەڵێت: ”ئایە توركیاش یەكێك بووە لەو لایەنەی كە ویستوویەتی پەیوەندی دیبلۆماسی خۆی لەگەڵ ئەمریكا باش بكات یان نا؟ ئەمە دەبێت لێكۆڵینەوەی جیدی لەبارەوە بكرێت، ئەوەی هەیە هیچ لایەنێك مەیلی ئەوەی نەبووە گفتوگۆی جیدی لەبارەی چارەسەری كێشەكانیان بكەن.“
ئەردۆغان و بایدن لە 2021، لە ژێر دروشمی (دیالۆك بۆ میكانیزمی ستراتیژی) گفتویان دەستپێكرد تا بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بەڵام دوای چەندین كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك.
بایدن بەر لەوەی ببێتە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كۆنفرانسێكدا هێرشی توندی كردبووە سەر ئەردۆغان و بە كەسێكی دیكتاتۆر وەسفی كردبوو. تەنانەت لەو كۆنفڕانسەدا كە رۆژنامەی (واشننتۆن پۆست) ئاشكرای كرد، بایدن داوای لە ئەمریكا كردبوو، هاوكاری باشی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكەن، تا بتوانن ئەردۆغان لەسەر كورسی دەسەڵات بهێننە خوارەوە، بۆیە ئەو رقەی ئەردۆغان هەیەتی بەرامبەر بە بایدن بەئاسانی ناڕەوێتەوە، بەپێچەوانەوەشەوە، بایدنێك ئەردۆغانی پێ دكتاتۆر بێت، كەواتە بە گەرمییەوە دەست ناخاتە ناو دەستی تا كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
وڵاتانی ئەورووپا بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە كۆبوونەوەیەكدا سزای ئابووریان خستە سەر رووسیا، داوایان لە توركیا كرد هەمان هەڵوێستی هەبێت، بەڵام توركیا بەپێچەوانەوە زیاتر لە رووسیا نزیك بووەوە و زیاتر هەماهەنگی لەگەڵ بەست.
بۆ نموونە، كاتێك هەموو كارتە بانكییەكانی رووسیا لە ئەورووپا و ئەمریكا بلۆك كرا، واتە هاووڵاتی رووسی بۆی نەبوو لە هیچ وڵاتێكی ئەورووپی ڤیزە كارت بەكاربهێنێت، كەچی توركیا مامەڵەی ڤیزە كارتی لەگەڵ رووسیا زیاتر فراوان كرد و زیاتر هانی دان لە توركیاوە هەموو مامەڵەیەكی ئاڵوگۆڕی بانكی ئەنجام بدەن، ئەمەش ئەورووپا و ئەمریكای توڕە كرد، بۆیە ئەمریكا لە توركیا بێئومێد بووە، كە بتوانێت خۆی لە رووسیا و پۆتین دوور بگرێت.
دونیا لە یەك جەمسەر و دوو جەمسەر چووmتە دەرەوە، ئێستا چەندین جەمسەر هەن كە شەڕی هێز و ئابووری لەگەڵ یەكتریدا دەكەن، ئەوەی هەیە، ناكۆكی و گرژی نێوان لیبڕاڵ دیموكراتەكان و ئەو وڵاتانەن كە تاكڕەوی پەیڕەو دەكەن، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دەیەوێت لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەمەشیان رووی لە ئەمریكا و ئەورووپا نەكردووە، بەڵكوو رووسیای هەڵبژاردووە.
جوشكون دەڵێت: ”ئەگەرچی توركیا و ئەمریكا هاوپەیمانی یەكترین، بەڵام هەردوو وڵات بەشێوەی تاكلاینە بەدوای بەرژەوەندی خۆیان كەتوون، واتە وەكوو هاوپەیمان سەیری یەكتری ناكەن و هەر وڵاتە و بەرژەوەندی خۆی بەلاوە گرنگترە. كاتێك ئەمریكا و توركیا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ یەكتریدا دەكەن، ئیدی متمانەبوون بەیەكتری كەم دەبێتەوە و حەساسییەتی نێوانیان زیاتر پەرە دەستێنێت و پەیوەندییەكانیشیان لاواز دەبێت.“
دكتۆر هۆوارد ئەسێنتەیت، شارەزای سیاسەتی توركیا و ئەمریكا، پێیوایە پەیوەندی نێوان توركیا و ئەمریكا وەكوو هاوسەرگیرییەكە كە هیچ لایەكیان دڵخۆش نین پێی، بۆیەش جیا نابنەوە چونكە نازانن ئەنجامەكەی چۆن دەبێت، بۆیە وەكوو هەموو ئەو هاوسەرگیرییانەی تر كە بەردەوامیان هەیە و دڵخۆش نین، ئەوانیش لەژیانی هاوسەرگیری بەردەوامن، بەڵام دڵخۆش نین.
هۆوارد پێیوایە، ئەو هەموو كێشانەی لە نێوان ئەمریكا و توركیا هەیە، هەمووی لە سەردەمی ئەردۆغاندا دروست نەبووە و پێشتر كێشە هەبووە، بەڵام لە سەردەمی ئەردۆغاندا كێشەكان زیاتر بوون و تا ئاكەپە و ئەردۆغانیش لەسەر دەسەڵات بن، كێشەكان چارەسەر نابن.
یەكێكی تر لەو تەوەرانە كە گرژی خستووەتە نێوان توركیا و ئەمریكا، هاوكاریكردنی سەربازی و لۆجیستی ئەمریكایە بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە). توركیا بەئاشكرا یەپەگەی پێتیرۆرستە و دەڵێت درێژكراوەی پەكەكەیە، بۆیە كاتێك پەكەكە پەلاماری بنكەیەكی پۆلیسیدا لە مێرسین و دوو پۆلیس كوژران، سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا گوتی: ”ئەو پلانە لە سەنتەری ئەمریكاوە دانراوە“، هەروەها لە تەقینەوەكەی تەقسیمیش كە توركیا پەكەكەی تۆمەتبار كرد، سویلو پرسەنامەی ئەمریكای قبوڵ نەكرد و گوتی ”ئێوە پاڵپشتی لە تیرۆر دەكەن و پرسەنامەش بۆ توركیا دەنێرن، ئێمە پرسەنامەكەتان قبوڵ ناكەین.“ ئەمەش دەری دەخات، كە هاوكاریكردنی ئەمریكا بۆ یەپەگە، توركیای بەتەواوی نیگەران كردووە و بێئومێدبوونە لە ئەمریكا كە هاوكاری یەپەگە رابگرێت.
ئەردۆغان، بەنیازە ئۆپەڕاسیۆنێكی گەورە دژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات، لە چەندین وتاریشدا دەڵێت بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر دەچینە ناو خاكی سووریا، كەواتە پەلاماری كۆبانێ و قامشلوش دەدات، ئەمریكاش دژی ئەو هێرشەیە و ئەوەی هێرشەكەی توركیاشی تاوەكوو ئێستا راگرتووە، هەڕەشەكانی ئەمریكان بۆ سەر توركیا.
بۆیە لە 2023، ئەستەمە ئەمریكا و توركیا بتوانن بەسەر كێشەكانیان زاڵ بن و هەموو بۆچوونەكان بۆ ئەوە دەچن، گرژییەكانیان ئاڵۆزتر دەبێت، بەڵام نازانرێت ئاخۆ لە 2023 هاوسەرگیرییەكەیان ئەنجامەكەی لێكجیابوونەوە دەبێت، یان بەبێ ئەوەی هیچ لایەكیان دڵیان بەو هاوسەرگیرییە خۆش بێت، بەڵام هەر بەردەوامیی پێ دەدەن.