ڕووسیا كوژرانی 63 سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا ئه‌مڕۆ دووشه‌م به‌ فه‌رمی گیانله‌ده‌ستدانی 63 سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌نجامی بۆردومانێكی سوپای ئۆكراینا له‌ ناوچه‌ی ماكێڤكا ڕاگه‌یاند.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی 4 مووشه‌كی وێرانكه‌ری سوپای ئۆكراینا بۆ سه‌ر سه‌ربازانی ڕووسیا له‌ ناوچه‌ی ماكێڤكا، 63 سه‌ربازی وڵاته‌كه‌مان گیانیان له‌ده‌ست دا.

ڕاشیگه‌یاند: مووشه‌كه‌كان له‌ جۆری (هێمارس) بوونه‌ و له‌ خاڵێكی جێگیركردنی كاتی هێزه‌كانی سوپای ڕووسیا له‌ ناوچه‌ی ماكێڤكا سه‌ر به‌ هه‌رێمی دۆنێتسك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا كه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆلی سوپای ڕووسیایه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌و چوار مووشه‌كه‌، سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی ڕووسیا توانیویه‌تی دوو مووشه‌ك بخاته‌ خواره‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ فۆلۆدیمیر زێلینسكی سه‌رۆكی ئۆكراینا هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌م ڕایگه‌یاندبوو كه‌ توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌سه‌ر سوپای ڕووسیا به‌ده‌ستبێنن، ئاماژی به‌وه‌ش دابوو كه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ به‌ په‌رجوو (معجزه‌) نه‌هاتوونه‌ته‌ دی، به‌ڵكو به‌ هه‌وڵ و كۆششی به‌رده‌وام و شه‌و و ڕۆژی سوپای وڵاته‌كه‌یان هاتوونه‌ته ‌دی.