دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دیاری نەکردووە؛ بۆ؟

هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی لە توركیا، حەوت مانگی ماوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا بێخەمە لەوەی بەربژێرێك بۆ ركابەری لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغاندا دیاری بكات، ئەمەش رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا جیا لە هەدەپە، تا ئێستا نۆ كۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك لەبارەی ئەوەی كێ بكەنە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئەگەرچی زۆر باسی كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە دەكرێت، بەڵام بەربژێربونی ئەو تاوەكوو ئێستا ئۆكەی لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، پێی باش نییە كلیچدارئۆغڵو ببێتە بەربژێر، بەڵكوو سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا مەنسوور یاڤاشی پێ باشە.

یاڤاش، پێشتر سەر بە مەهەپە بوو و نەژادپەرستە، بەڵام وازی لە مەهەپە هێنا و هاتە ناو جەهەپە، هۆكاری ئەوەی ئاكشەنەر ئەوی قبوڵە، چونكە یاڤاش نەژادپەرستە و پارتی خاسیش یەكێكە لەو پارتانەی نەژادپەستە و لە توركیا لە نەتەوەی تورك زیاتر هیچ نەتەوەیەكی تری قبوڵ نییە. 

بەڵام هەریەك لە ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی باجان، كە ئەوانیش ئۆپۆزسیۆنن و بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، پێیان باش نییە یاڤاش بەربژێر بێت، چونكە ئەوكات هیچ كوردێك ئامادە نییە دەنگ بەو بەربژێرە بدات.

یاڤاش لەناو كورددا خۆشەویست نییە، بۆیە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ئەو بەربژێر بكات، دەبێت دەست لە دەنگدەری كورد بشواتەوە و خزمەتێكی گەورەش بە ئەردۆغان دەكەن.

ناوێكی تریش كە قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، ئەكرەم ئیمامئۆغڵووە، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئەو ناوەش بووەتە سەرئێشە بۆ كلیچدارئۆغڵو.

زۆربەی لایەنگرانی جەهەپە لە سۆسیال میدیا، داوا دەكەن ئیمامئۆغڵو ببێتە بەربژێری سەرۆكایەتیی، بەڵام كلیچدارئۆغڵو پێی باشە بۆ خۆی ببێتە بەربژێر.

ئیمامئۆغڵو، لەلای كوردەكان قبوڵكراوە، پێشتریش سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە گوتبووی، ئەگەر ئیمامئۆغڵو بكەنە بەربژێر كورد قبوڵییەتی و دەنگی پێ دەدات.