سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بێرنارد ئارنۆڵت بووە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان

دوای دابەزینی بەهای پشکەکانی تویتەر، بێرنارد ئارنۆڵت، هاودامەزرێنەری گرووپی کۆمپانیاکانی LVMH کە سامانەکەی 186.2 ملیار دۆلارە، بووە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فۆربێس، ئیلۆن مەسک، خاوەنی نوێی تویتەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس، کە لە ریزبەندی دەوڵەمەندەکانی جیهاندا لە پلەی یەکەمدا بوو، دوای دابەزینی بەهای پشکەکانی تویتەر بە رێژەی %6.3  پلەی یەکەمی لە ریزبەندییەکە لەدەستدا و بێرنارد ئارنۆڵت بووە دەوڵەمەندترین کەس لە جیهاندا.

گرووپی کۆمپانیاکانی LVMH کە تایبەتە بە کاڵای گرانبەها، نووسینگەی سەرەکی لە پاریسە و، کۆمپانیای لویس ڤیتۆن بەشێکە لەو گرووپە کە پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی کەمپەینێکی ریکلامی بەناوی (victory is a state of mind) ئەنجامدا.

لەو کەمپەینەدا هەردوو ئەستێرەی جیهانی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی بەشداریان تێدا کرد.

بێرنارد ئارنۆڵت خاوەنی زیاتر لە %60ـی پشکەکانی کۆمپانیای LVMHـەو  تەواوی سامانەکەی دەگاتە 186.2 ملیار دۆلار.

فۆربێس ئاماژەی بەوەشدا، تەواوی سامانی ئیلۆن مەسک بۆ 181.3 ملیار دۆلار دابەزیووە.

پاش ململانێیەکی یاسایی لەنێوان ئیدارەی تویتەر و ئیلۆن مەسک لەسەر مامەڵەی کڕینی تویتەر، دواجار له‌ 27ـی ئۆكتۆبه‌ری 2022، ئیلۆن مه‌سك، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ناچاربوو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار بکڕێتەوە‌، كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ 450 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری چالاكی هه‌یه‌.

دوای تەواوبوونی ئەم مامەڵەیە، ئیلۆن مەسک نزیکەی 3500 کارمەندی لە کارەکانیانیان دوورخستەوە، زۆرینەی ئەوانەشی لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە لە تیمەکانی (سیاسەتی گشتی، متمانە، سەلامەتی، پەیوەندییەکان، ئەندازیاری، بازاڕکردن، و سەرچاوە مرۆییەکان) بوون.