كارزان گلی – ههولێر
حكوومەتی هۆڵەندا، لەبەر ئەوەی ئەوسا (کاتی خۆی) بە شێوەیەكی نامرۆڤانە لەو وڵاتانەی داگیری كردبوون، کۆیلەی دەگرت و دەفرۆشت، داوای لێبوردن دەکا و، لە 19_12_2022، لە هەشت شوێنی جیهاندا داوای لێبوردنەکەی رادەگەیەنێت.
حكوومەتی هۆڵەندا، دانی بەوەدا ناوە، كە وەختی خۆی كۆیلەگیری و کۆیلەفرۆشیی زۆری كردووە، ئەمەش پێویستی بە داوای لێبوردن هەیە و، بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسە نزیكەكانی ئەو كەسانەی بەكۆیلە گیراون، لە بودجەی وڵات بڕی 200ملیۆن یۆرۆی جیا كردووەتەوە.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، حەوت وەزیری حكوومەتی هۆڵەندا، لە 19_12_2022، لە هەشت شوێندا بەیەكەوە داوای لێبوردن لە جیهان دەكەن؛ شوێنەكانیش (سورینام، كارەیپلار، ئاروبا، بۆنایرە، جوراجاو، سینت ئیستاتیوس، سابا و، مارتەن).
لە هەمان رۆژدا، مارك روتێ، سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا، دەچێتە لاهای و ئەویش داوای لێبوردن دەكات و پەشیمانیی وڵاتەكەی لە كۆیلەگیری و کۆیلەفرۆشی دەداتە گوێی ئاڵەم (عالەم)ـدا.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان، حكوومەتی هۆڵەندا ئەو پارەیەی بۆ قەرەبووكردنەوەی كۆیلایەتی ئامادەی كردووە، بەو مانایە نییە كە قەرەبووی مادی كەسە نزیكەكانی كۆیلەكان بكرێتەوە، نەخێر بەڵكو بەو پارەیە كار دەكرێت تا كۆیلایەتی لە جیهاندا نەمێنێت و هەروەها پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە كۆیلاندن چەند كارێكی قێزەونە. بۆ نموونە، بڕی 27ملیۆن یۆڕۆ دابین كراوە بۆ ئەوەی مۆزەخانەیەكی تایبەت بە كۆیلاندن بكرێتەوە و نیشانی دەدەن كە كۆیلەگیری و کۆیلەفرۆشی چەند كارێكی نامرۆڤانەیە و چەند قێزەونە.
پەرلەمانی هۆڵەندا، دوای ئەوەی سەردانی ئەو شوێنانەیان كرد كە پێشتر هۆڵەندا بەشێوەیەكی قێزەون كۆیلەی دەگرت و کڕین و فرۆشی پێوە دەکرد، بڕیاریان دا كە داوای لێبوردن لە جیهان بكەن و حكوومەتیش بەگوێی پەرلەمانی كرد.
پێشتریش شاری رۆتردام و ئەمستردام لە هۆڵەندا، بەهۆی ئەو كۆیلاندنەی وەختی خۆی هۆڵەندا کردوویەتی، داوای لێبوردنیان كرد، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی كە لە دەوڵەتەوە بێت، لە 19_12 ئەو داوای لێبوردنە دەكرێت.
بڵاوكراوەی گشتی هۆڵەندا (NOS)، راپرسییەكی کردووە، لەوێدا ئاشكرای دەكات كە گەلی هۆڵەندا لەگەڵ ئەوەدا نین، وڵاتەكەیان لەبەر كۆیلەگیریەکەی جارانی داوای لێبوردن لە جیهان بكات.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە بێت كە ساڵی 2021 کراوە، 31%ی بەشداران گوتوویانە پێویست دەكات داوای لێبوردن بكرێت، لە بەرامبەردا 55% گوتوویانە لەگەڵ ئەوەدا نین كە داوای لێبوردن بكرێت، ئەوانیش تریش هیچ بۆچوونێكیان دەرنەبڕیوە.
بەڵام لە دووەم راپرسیدا، كە لە 2022دا کراوە، رێژەی ئەوانەی پێیان باشە هۆڵەندا داوای لێبوردن لە جیهان بكات بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 38%.
هەر بەگوێرەی راپرسییەكە، ئەوانەی داوا دەكەن هۆڵەندا داوای لێبوردن بكات، زۆربەیان كۆچبەرن و بەهەر هۆكارێك بێت روویان لە هۆڵەندا كردووە و مافی نیشتەجێبوونیان پێ دراوە.
لە سەدەكانی رابردوودا، هۆڵەندا بەشێوەیەكی زۆر نامرۆڤانە ئەو وڵاتەی داگیری دەكرد، پیاو و ژنەكانی دەكردە كۆیلە و بەشێوەیەكی زۆر نامرۆڤانەش مامەڵەی لەگەڵدا دەكردن.
بۆیە كاتێك نێوانی هۆڵەندا و توركیا تێك چوو، بەهۆی ئەوەی هۆڵەندا رێگەی نەدا وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیی توركیا سەردانی هۆڵەندا بكات، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، دەیگوت رابردووتان پاك نییە و پڕە لە كاری نامرۆڤانە و پێویستە سەیری رابردووی خۆتان بكەن، ئەوكات باسی توركیا بكەن و تۆمەتبارمان بكەن كە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەین یام (یان) نە.