وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: هیچ بڕێک لەو پارەیەی وەکو باجی فرۆشتن وەر دەگیرا نەدەهاتە خەزێنەی حکومەتی هەرێم

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی وەکو باجی فرۆشراوەکان کە ٢٠%ی کارەتەکان بوو و لەلایەن کۆمپانیاکانی گەیاندن وەر دەگیرا، هیچ بڕێکی نەهاتووەتە ناو میزانییەی حکومەتی هەرێمی کورستان و کۆمپانیاکانی گەیاندن ئەو بڕە پارەیەیان دەدا بە حکومەتی فیدراڵی.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵگرتنی باج لەسەر کارتەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت بەپێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:”بابەتی هەڵگرتنی باج، بەپێی ماددەی ٣٣ لە یاسای بودجەی عێراقی ساڵی ٢٠١٥ و لەو کاتەی کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لەسەر هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە چەسپێنرا. لەبەر ئەوەی هەرسێ کۆمپانیای، (کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیا سێڵ و زەین) گرێبەستیان لە بەغدایە و لە هەرێمی کوردستان نییە، لەو کاتەشدا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە وەکو باجی فرۆشراوەکان ٢٠%ی چەسپێنرا لەسەر کارتی مۆبایل، واتە ئەگەر کارتێک بە ١٠ هەزار بووایە بە ١٢ هەزار دینار دەفرۆشرا و ئەو دوو هەزارە بەهیچ شێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕێکی نەهاتووەتە ناو میزانییەی هەرێمی کورستان، ئەو دوو هەزارە لەلایەن کۆمپانیاکانی گەیاندن، واتە کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیا سێڵ و زەین دەدرا بە حکومەتی فیدراڵی. بۆیە لەگەڵ دەستپێکی کابینەی نۆیەم و لەسەر ڕاسپاردەکانی بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ٢٠١٩ بە نووسراوی ژمارە ٤٨٢٢ی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ (سی ئێم سی) و بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵی نارد و ڕامانگەیاند کە ئەو باجە دەبێت هەڵبگیرێت و نەمێنێت لەسەر هاووڵاتییان.
لەبارەی بڕیارەکەوە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند:”ئێمە دەست خۆشی لەو بڕیارە دەکەین کە لە کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی دراوە و ئەوە یەکێک لە داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە، و لە چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری گەیاندنی حکومەتی فیدراڵی و (سی ئێم سی) و چەندین جار چووینەتە بەغدا و باسمان کردووە و ئەگەر ئەم باجە بمایە دەبوایە بگەڕایەتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمانی پێ بکەین.”
لەبارەی ئەو بڕە پارە زیادەیەی کە وەردەگیرا، ئانۆ جەوهەر دەڵێت:”ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستەکەیان لە بەغدایە، نسبەی خۆیان دەدەن بە حکومەتی فیدراڵی، ئێمە داوامان لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە مادام هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان ئامرازەکانی گەیاندن بەکار دەهێنن، پێویستە ئەو بڕەیەی کە حکومەت وەکو قازانج وەری دەگرێت، بەشی هەرێمی کوردستان بدات و بۆ ئەوەش زۆر هەوڵمان دا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نەبووە. چونکە بەپێی دەستوور مافی هەرێمی کوردستانە کە ئەو بڕە وەربگرێت.”
لەبارەی پرۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پۆستەوە لە هەرێمی کوردستان، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:”پرۆژەی پۆستە لە هەرێمی کوردستان زۆر باش بەرەوپێشەوە دەچێت، سیستەمی پۆستە لە هەرێمی کوردستان چەندمان پێکراوە پەرەمان پێداوە و چەندین پرۆپۆزەڵمان بۆ هاتووە بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی باشتر بکەین بۆ وەبەرهێنان لە بواری پۆستە چ بەشێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان وەکو هاوبەش لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی و کاری لەسەر دەکەین و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان کردوە و لێکتێگەیشتنی باش کراوە و سیستەمی پۆستە لەم کابینەیەدا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشتر دەچێت.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری

۲ی کانوونی دووەمی