ئاژانسی ژینگەیی ئەوروپی ئاشکرایکرد، بەهۆی پیسبوونی هەوا، 238 هەزار کەس لە ساڵی 2020 لە یەکێتیی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسەکە دەڵێت: “بەرکەوتن بە تەنۆلکەی وردی ماددەکان بووەتە هۆی مردنی ناوەختی 238 هەزار کەس” لە 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا.
ئەو ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2019 کەمێک بەرزبووەتەوە، وێڕای ئەوەی کە دەردانی گازە زیانبەخەشەکان بەهۆی رێکارە خۆپارێزییەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا لە ساڵی 2020 کەمببوونەوە.
تەنۆلکە وردەکان دەستەواژەیەکە گوزارشت لە دەرهاویشتەکانی ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل و ئەو کارگانە دەکات کە بە خەڵۆز کاردەکەن.
قەبارە زۆر وردەکەیان رێگەیان پێدەدات بچنە قووڵایی کۆئەندامی هەناسەوە، لە ئەنجامدا مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی بۆڕیی هەوا، رەبۆ و نەخۆشیی سییەکان زیاددەبێت.
هەروەها لە ساڵی 2020، بەرکەوتن بە دوانۆکسیدی نایترۆجین NO2 بە رێژەی زیاتر لەو ئاستەی کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە گونجاوی دەزانێت، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ناوەختی 49 هەزار کەس لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا. بەرکەوتنی چڕ بە ئۆزۆن O3 بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 24 هەزار کەس.
ئاژانسەکە رایگەیاند: “کاتێک ساڵی 2020 بە 2019 بەراورد دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە گیانلەدەستدانی ناوەخت بەهۆی پیسبوونی هەوا، لە ئەنجامی بەرکەوتن بە تەنۆلکە وردەکان زیادیکردووە، بەڵام لە ئەنجامی بەرکەوتن بە دوانۆکسیدی نایترۆجین و ئۆزۆن کەمیکردووە.”
ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هۆکاری ئەوەی کە وێڕای کەمبوونەوەی چڕبوونەوەی تەنۆلکە وردەکان، لە ساڵی 2020 گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی هەوا زیادیکردووە، ئەوەیە کە گیانلەدەستدانەکان زیاتر بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بوون، کە وای لە مرۆڤ کردووە کەمتر بەرگەی پیسبوونی هەوا بگرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەوانەی کە هەر خۆیان پێشتر نەخۆشیی پەیوەندیدار بە پیسبوونی هەوایان هەبووە.
یەکێتیی ئەوروپا ئامانجییەتی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2005، مردن بەهۆی بەرکەوتن بە تەنۆلکە وردەکانەوە تاوەکو ساڵی 2030 بە رێژەی 55٪ کەمبکاتەوە. بە گشتی رێژەکە لە یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2020 بەراورد بە 2005، 45٪ دابەزیوە.
ئاژانسی ژینگەیی ئەوروپا دەڵێت، ئەگەر دابەزینی رێژەکە لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بێت، یەکێتیی ئەوروپا پێش ساڵی 2030 بە ئامانجەکەی دەگات.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پیسبوونی هەوا ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ناوەختی حەوت ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا، واتە یەکسانە بە رێژەی مردن بەهۆی جگەرەکێشان و خۆراکی خراپەوە.