چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئەمساڵ، لە توركیا و باكووری كوردستاندا سەدان ئافرەت بە دەستی پیاو كوژراون

كارزان گلی – هه‌ولێر

ساڵی 2021، كوشتنی ئافرەت لە توركیا لە ترۆپكدا بوو؛ 280 ئافرەت لەلایەن پیاوەوە لە توركیا و باكووری كوردستاندا كوژرابوون؛ لەم 10 مانگەی ساڵی 2022، رێژەی كوشتنی ئافرەت بەدەستی پیاو گەیشتووەتە ژمارەی کوژراوانی هەردوانزە مانگەکەی 2021.

رێكخراوەكانی ئافرەتان لە توركیا، نیگەرانن لە حاڵی ئافرەت لەو وڵاتەدا و پێیان وایە، كشانەوەی توركیا لە رێككەوتنی ئیستانبۆڵ، كە تایبەت بوو بە بەرگری لە ئافرەت، بووەتە هۆكاری ئەوەی رێژەی كوشتنی ئافرەت زۆر بێت.
فیدان ئەتا سەلیم، سكرتێری گشتی پلاتفۆرمی راگرتنی كوشتنی ئافرەت لە توركیا، دەڵێت تەنیا لەو 10 مانگەی 2022دا، رێژەی كوشتنی ئافرەت لە توركیا و باكووری كوردستان بەدەستی پیاوەوە گەیشتووەتە 280 ئافرەت.
لە توركیا رۆژانە ئافرەتێک بەدەستی پیاو دەكوژرێت، ساڵ بە ساڵێش رێژەی كوشتنی ئافرەت لە توركیا و باكووری كوردستان لە زیادبووندایە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پلاتفۆرمی راگرتنی كوشتنی ئافرەت لە توركیا، تەنیا لە مانگی 10ـی ئەمساڵدا، 34 ئافرەت لە توركیادا كوژراون.
لەو رێژەیە، 18یان هاوسەرگیریان كردووە و بەدەستی مێردەكەیان كوژراون، 11یان بە پاساوی ئەوەی ئافرەتەكە داوای جیابوونەوەی كردووە بۆیە كوژراون و ئەوانی تریش بە هۆكاری جۆراوجۆر ژیانیان لێ کراوە بە مەرگ.
فیدان ئەتا بۆ (DW)ی توركی دەڵێت: ”سەرەكیترین هۆكاری زیادبوونی كوشتنی ئافرەت، كشانەوەی توركیا بوو لە رێككەوتنی ئیستانبۆڵ. لەم لاوە سزای كوشتنی ئافرەت توندتر دەكرێت، لەو لاوە باس لە کەمکردنەوەی خەرجی و نەفەقەی ئافرەت دەكرێت، ئەمەش پێمان دەڵێت كە ئیرادەی سیاسی سەقەت بووە.“
لە توركیا سزای كوشتنی ئافرەت زۆر توندە، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە، لە دادگا بەشێوەیەكی عادیلانە دادگایی ناكرێن، واتە ئەو سزایانەی هەیە لەسەر كوشتنی ئافرەت جێبەجێ ناكرێت، ئەمەش بەگوێرەی گوتەی زۆربەی چالاكوانانی بواری ئافرەت.
جانان گوللوو، سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵەكانی ئافرەتان لە توركیا، پێی وایە تەنیا دەستی ئەو پیاوانە بەخوێن نییە كە ئافرەت دەكوژن، بەڵكو دەسەڵاتیش هاوبەشە لەو كوشتنەدا، چونكە لە رێككەوتنی ئیستانبۆڵ كشاوەتەوە، ئەوەش رێگەی بۆ كوشتنی ئافرەت خۆش كردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەردەوام لە وتارەكانیدا باس لە پارێزگاری لە ئافرەت و منداڵ دەكات، بەڵام زۆرترین دەستدرێژی سێكسی لە توركیا دەكرێتە سەر منداڵ و ئافرەتان.

رێككەوتنی ئیستانبۆڵ چییە؟
رێككەوتنی ئیستانبۆڵ واتە (رێگریكردن لە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت لە ناو خێزان و دەرەوەی خێزان)، رێككەوتنەكە كۆنسەی ئەورووپا ئیمزای كردووە و 45 وڵات ئەندامە تێیدا و، هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپاش ئەندامن تێدا، پێشتر توركیا ئەندام بوو، بەڵام ئەردۆغان لەو رێككەوتنە كشایەوە، بەو بەهانەیەی بێڕێزی بەرامبەر بە خێزان دەكرێت و پێویستە بەها بۆ خێزان بگەڕێتەوە.
رێككەوتنەكە وڵاتان ناچار دەكات كە یاساكانی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكەن، كە پێنج بنەمای هەیە:
یەكەم/ پێویستە ئافرەت پارێزراو بێت لە دەرەوەی خێزان و ناو خێزان و رێگری بكرێت لە توندوتیژی بەرامبەری.
دووەم/ تاوانبار دەربكرێت و سزای توند بدرێت.
سێیەم/ یەكێتییەك پێك بهێنن بۆ ئەوەی خەبات بكەن بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو لایەنانەی توندوتیژی لە ئافرەتان دەكەن.
چوارەم/ پێویستە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت، وەكو پێشێلكردنی مافی مرۆڤ بناسێنرێت.
پێنجەم/ ئەو وڵاتانەی ئەندامن لەو رێككەوتنەدا، پێویستە ئەو بەڵێنانەی داویانە، لەلایەن گروپی بێلایەنی شارەزایانەوە چاودێری بكرێت.