ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هیچ بڕیارێكی نه‌دا


له‌ كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی هێرش و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێیه‌وه‌، كه‌ به‌شێوه‌ی داخراو به‌ڕێوه‌چوو، هیچ بڕیارێكی نه‌دا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (22ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ی كه‌ به‌شێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی داخراو و دوور له‌چاوی میدیاكان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌ نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستێك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته‌ سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یان.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاندووه‌، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبدرێت و پێكه‌وه‌ بڕیارێکی نیشتمانی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه‌ بدرێت.

پێشتریش هه‌رێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌غدا هیچ رێوشوێنێك نه‌گرێتبه‌ر به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌وا كه‌مته‌رخه‌می و بێویژدانییه‌ به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ری عێراق.

سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا و ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێم كه‌مال ئاغا روونیكرده‌وه‌، ئه‌و هێرشانه‌ بووه‌ته‌ بێزارییه‌كی زۆر و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق و مافه‌كانی مرۆڤه‌.