شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

تورکیا 50 فڕۆکەی F16ی لە هێرشەکانی سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەکارهێناوە

وەزارەتی بەرگری تورکیا 50 فڕۆکەی F16 و 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەکارهێناوە.

سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی (چنگ – شمشێر) بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 201//2022، چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی تورکیا. بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا لە هێرشەکاندا زیاتر لە 50 فڕۆکەی ئێف-16 و 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێندراون و زیاتر لە 13 خاڵیش لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان کراونە ئامانج.

سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە باشووری کوردستان، ناوچەکانی شنگال، بناری قەندیل، کورتەک و چیای ئاسۆس کراونەتە ئامانج. لەهەمان کاتدا لە رۆژئاوای کوردستان ناوچەکانی کۆبانێ، تەل رەفعەت، گرێ سپی، حەسەکە، چیای مەشتەنوور، بەیلونە، زرگان، دربێسیێ و دێرک کراونەتە ئامانج.

بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا نۆ شەڕڤانی هەسەدە و شەش سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندارن.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەو هێرشانە دەمێکە پلانی بۆ دانراوە و “بەشێكە لە یارییەکانی تورکیا”.

جەختیشدەکاتەوە، ئەوان و هیچ لایەنێکی کوردی هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی 13ی ئەم مانگەی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵەوە نییە.

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا خۆی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەمڕۆی کردووە و دەڵێت: “چەندین بنکە و بارەگای پەکەکە و یەپەگە-مان کردووەتە ئامانج”.