سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سوید لەبەر خاتری توركیا دەستووری وڵاتەكەی دەگۆڕێت

توركیا فشاری زۆر توندی خستووەتە سەر سوید، بەوەی ئەگەر دەیەوێت ببێتە ئەندامی ناتۆ، دەبێت داواكارییەكانی توركیا جێبەجێ بكات، كە دیارترینیان سنووداركردنی چالاكیکردنی ئەندامانی پەكەكەیە لەو وڵاتەدا و هەروەها رادەستكردنەوەیان بە توركیا؛ جا سوید بۆ ئەوەی بتوانێت توركیا نەرم بكات و رازی بێت ببێتە ئەندامی ناتۆ، دەیەوێت دەستووری وڵاتەكەی بگۆڕێت.

وەكو ئەوەی لە میدیاكانەوە باس دەكرێت، ئیدی ئەندامانی پەكەكە، بەهیچ شێوەیەك بۆیان نابێت پروپاگەندە بۆ پەكەكە بكەن، یان بە ئاڵای پەكەكەوە رێپێوان بكەن و چالاكیی مەدەنی بکەن، تەنانەت پۆلیسی سوید سەرپشک دەكرێت بە توندی وەڵامی ئەندامانی پەكەكە بداتەوە، ئەگەربێتو دژی توركیا بوەستنەوە و چالاكی بکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە دوا كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی تازەی سوید، پێی گوت كە جارێ لە پەرلەمانی وڵاتەكەی دەنگدان لەسەر ئەندامیەتیی سوید و فینلەندا لە ناتۆ نادەن، چونكە هەڵبژاردنیان لە پێشە و سویدیش هێشتا داواكارییەكانی توركیای جێبەجێ نەكردووە.

پۆڵ لیڤین، لێكۆڵەر لە زانكۆی ستۆكهۆڵم و شارەزای سیاسەتی توركیا، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەم یاسا تازەیەی سوید دەیەوێت پەیڕەوی بكات تا توركیا رازی بكات، دەستی پۆلیسی سوید كراوە دەكات، كە توند بێت بەرامبەر ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە لە سوید چالاكن و پروپاگەندە بۆ پەكەكە دەكەن. پۆلیس ئەو مافەی هەیە كە رێگرییان لێ بكات و بەرامبەریان بوەستێتەوە، كە پێشتر لە سوید شتی وا نەبوو و هەموو كەس بە ئازادی رێپێوانی كردووە و داوای ئەو شتەی کردووە كە بە مافی خۆی زانیوە“.

پەكەكە لە سوید، ئەندامی زۆرە و هەروەها لایەنگری زۆری هەیە، هەركاتێك بیەوێت رێپێوان بكات و دژی توركیا دروشم بەرز بكاتەوە و وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای پەكەكە بەرز بكاتەوە، دەتوانێت هەزاران كەس كۆ بكاتەوە، بەڵام بە گۆڕێنی دەستووری سوید، كە بڕیارە لە 16ی ئەم مانگە دەنگی لەسەر بدرێت و تەنیا پارتی چەپ، كە خاوەنی 24 كورسییە دەنگی نەخێر دەدات و دەڵێت نابێت ئازادییەكانمان سنووردار بكرێت، ئیدی پەكەكە ناتوانێت وەكو جاران هەناسە بدات و ئەوەی بیەوێت بیكات لە سوید، چونكە یاسا رێگری لێ دەكات.

پرۆفیسۆر مارك كلامبێرگ، لە زانكۆی ستۆكهۆڵم، پێی وایە ئەو پڕۆژەیاسایەی سوید دەیەوێت پەیڕەوی بكات و دەستووری بۆ بگۆڕێت، رێگە بە رێكخراوی تیرۆرستی نادات رێپێوان بكەن و سزاشیان بەسەردا دەسەپینێت.

مارك دەڵێت: ”بەڵام رەنگە ئەگەر پەكەكە یان هەر لایەنێكی تر، لە رێپێواندا تەنیا بەشێوەیەكی سومبولی باس لە خۆیان و رێكخراوەكەیان بكەن، سزای نەبێت و رێگەشی لێ نەگیرێت.“

سوید زۆر نەرم بووە بەرامبەر بە توركیا، تەنانەت دەستووری وڵاتیش دەگۆڕێت و دەیەوێت ئازادی سنووردار بكات، ئەمەشی بۆ ئەوەیە تەنیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، بۆیە ئەمە كاردانەوەی زۆری لە سوید بە دوای خۆیدا هێناوە و رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مافی مرۆڤ، نیگەرانی خۆیان لەورووەوە دەربڕیوە پێیان وایە، بەرتەسككردنەوەی ئازادی لە سوید، زیانێكی گەورە لە دیموكراتی ئەو وڵاتە دەدات، بۆیە دەبێت رێگەی لێ بگیرێت.