تورکیا: پەکەکە تاوانبارکرد لە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ تۆمەتبار دەکات کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە. دەشڵێت، گومانلێکراوێکیان دەستبەسەرکردووە. 

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2022، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ئەو کەسەی بۆمبەکەی دانابوو، دەستگیرکراوە” و بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکەیان “پەکەکە بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە.” 

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ روویدا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لەوەی بەڕێبکەوێت بۆ ئیندۆنیزیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پارێزگاری ئیستەنبووڵەوە بە دەستم گەیشتوون، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە چواریان لە شوێنی رووداوەکە و دووانیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها 53 کەسیش بریندارن.” 

سەرۆککۆماری تورکیا سەرکۆنەی تەقینەوەکەی کرد و گوتی: “دەکرێت بۆ ئێمە هەڵە بێت ئەگەر بڵێین بە دڵنیاییەوە ئەمە کردەوەیەکی تیرۆریستییە، بەڵام بەگوێرەی نیشانە سەرەتاییەکان، بۆنی تیرۆری لێ دێت.”

دوای ئەوەش، فوات ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە پێیان وایە ئەوەی روویداوە “تیرۆریستییە و لەلایەن هێرشکارێکەوە ئەنجامدراوە کە ژنێکە.”

بەکر بۆزداگ، وەزیری دادی تورکیاش پشتڕاستیکردەوە کە “ژنێک بۆ ماوەی 40 خولەک لەسەر کورسییەک دانیشتووە و دواتر رۆیشتووە. خولەکێک یان دوو خوولەک دوای ئەوە تەقینەوەکە روویداوە.”

ھەواڵی زیاتر