سەرۆكکۆماری توركیا لە میانهی پێشكهشكردنی گوتارێك له نۆیەمین لوتکەی رێکخراوی دەوڵەتانی تورکی(TDT)دا رایگهیاند، هەموو هەوڵێک دەدەين، بۆ ئەوەی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە کۆتایی بەو ململانێیە بهێنین، کە نۆ مانگە لە ئۆکرانیادا دەگوزەرێت.
رهجهب تهیب ئەردۆغان سهرۆككۆماری توركیا، له گوتارهكهیدا ئاماژهی بهوه كرد، به قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕین، جگە لە دەرفەتەکان، رهنگه رووبەڕووی مەترسییەکانیش ببینەوە. دەبینین لەم قۆناغەدا بەهێزکردنی هاوکاری، هاودەنگی و هەماهەنگیی نێوانمان لە هەموو بوارەکاندا گرنگی زۆری هەبووە. هەموو هەوڵێک دەدەين بۆ ئەوەی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە کۆتایی بەو ململانێیە بهێنین، کە نۆ مانگە لە ئۆکرانیادا دەگوزەرێت.
گوتیشی: “هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی قەیرانی خۆراک”.
سهرۆككۆماری توركیا لهبارهی رهوشی پهنابهرانی سووریا دووپاتیكردهوه، تورکیا یەكێکە لەو وڵاتانەی کە لە ساڵی 2014ـوه تا ئێستا باوەشی بۆ زۆرترین ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا کردووەتەوە. گوتی: “ئێمە میوانداریی نزیکەی پێنج ملیۆن کەسی ستەملێکراو دەکەین کە سێ ملیۆن و 600ـیان سوورین”.
بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی پێویستە هەماهەنگییەکانمان زیاتر بکەین و تێڕوانینی تایبەت بە ئاسایش لەو بارەیەوە فراوانتربکەین”.
روونیشیكردهوه، پێویستە جگە لە کێشەکانی پەیوەست بە ئاو و ژینگە، پێکەوە بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە.