پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و چین كۆده‌بنه‌وه‌

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، هه‌ردوو سه‌رۆكی چین و ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بنه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 11ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022) بڵاویكرده‌وه‌، شی جی پینگ سه‌رۆكی چین و جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دوای كۆتاییهاتنی لوتكه‌ی20 له‌ ئیندۆنیزیا، له‌چوارچێوه‌ی لوتكه‌ی هاریكاری ئابووری ئاسیا و زه‌ریای هێمن له‌ تایلاند (له‌ 17 تا 19) كۆده‌بنه‌وه‌. 

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین، شی جی پینگ سه‌رۆكی چین، بڕیاره‌ دوای كۆتاییهاتنی لوتكه‌ی20 له‌ ئیندۆنیزیا، بۆ ئاماده‌بوون له‌ (لوتكه‌ی هاریكاری ئابووری ئاسیا و زه‌ریای هێمن ) له‌ تایلاند، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆده‌بێته‌وه‌.

ناكۆكییه‌كانی نێوان چین و ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی دوورگه‌ی تایوانه‌وه‌ مێژووێكی دوور و درێژی هه‌یه‌.

دورگەی تایوان لە ساڵی 1949ـه‌وه‌ لە چین جیابووه‌تەوە، پەكینیش بە بەشێكی خاكی خۆی دەزانێت.

تایوان به‌ درێژای مێژوو به‌ده‌ست چه‌ندین هێرشی داگیركاری ناڵاندوویه‌تی،  چینییه‌كان ململانێیه‌كی دوور و درێژ و به‌رده‌وامیان‌ دژ به‌ داگیركاری تایوان هه‌بووه‌.

له‌ ساڵی 1937، دژی داگیكراری ژاپۆن بۆ تایوان، چینییه‌كان جه‌نگیان به‌رپاكرد، له‌ كاتی راگه‌یاندنی جه‌نگ دژ به‌ ژاپۆن، حكومه‌تی چینی له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ هه‌رچی په‌یماننامه‌، به‌ڵێننامه‌ و رێكه‌وتنامه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژاپۆن هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یاندراوی كایڕۆ له‌نێوان چین، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له‌ ساڵی 1943 بریتیبوو له‌ ( هه‌ر زه‌وییه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌‌ داگیركرابێت، ده‌بێت بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ چین).

دوای جه‌نگێكی دوور و درێژ دژ به‌ ژاپۆن، گه‌لی چینی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و له‌ ساڵی 1945 هه‌رێمی تایوانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چین.

 له‌رێگه‌ی پاڵپشتی حكومه‌تی ئێستای ئه‌م دوورگه‌یه‌، له‌ ئێستاشدا ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی دابڕاندنی تایوان له‌ چین ده‌دات و ناكۆكییه‌كان به‌رده‌وامن.