شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ئاكەپە بۆ ریفراندۆمێكی تر روو لە هەدەپە دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

پرۆژەیاسای باڵاپۆشی ژنان، لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە ئامادە كراوە و بڕیارە ئەم دووشەممەیە 7_11_2022 لە پەرلەمانی توركیا بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام دەنگی پێویستیان نییە پڕۆژەیاسایەكە تێپەڕێنن و روویان لە هەدەپە و پارتی خاس كردەوە.

كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، لە وتارێكدا داوای كرد لە دەستووری توركیادا بەیاسایی بكرێت كە ئافرەتی باڵاپۆش مافەكانی جێگیر بكرێت و هیچ لایەنێك و هێزێك نەتوانێت بەری لێ بگرێت، بۆ نموونە باڵاپۆش بۆی هەبێت ببێت بە فەرمانبەر و قوتابیی زانكۆ و زۆری تریش.
ئەگەرچی لە سەردەمی ئاكەپەدا، رێگە درا ئافرەتی باڵاپۆش بچێتە ناو زانكۆ و فەرمانگەكانی حكوومەت، بەڵام وەكو یاسا لەناو دەستووردا جێی بۆ نەكراوەتەوە. پێشتریش واتە بەر لە هاتنی ئاكەپە، ئافرەتی باڵاپۆش بۆی نەبووە ببێتە بە فەرمانبەر و قوتابی زانكۆ.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، وەكو گاڵتەپێكردنێك بە كلیچدارئۆغڵو، گوتی: ”ئێوە كەی لە خەمی ئافرەتی باڵاپۆشن لە توركیا، ئەوە ئێمەین پشتگیرییان لێ دەكەین، گەر راست دەكەیت وەرە با دەستوور هەموار بكەینەوە و لە پڕۆژەیاسایەكدا جێگیری بكەین كە ئافرەتی باڵاپۆش ئیتر بەری لێ نەگیرێت.“
بۆ ئەم مەبەستە ئاكەپە و مەهەپە، پڕۆژەیاسایەكیان ئامادە كردووە و رۆژی دووشەممە لەناو پەرلەمانی توركیا دەیخەنە دەنگدانەوە.
بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسایەكە تێپەڕێت، پێویست دەكات لە كۆی 600 كورسی پەرلەمان، 400 دەنگی بەڵێ بهێنێت، كە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە ناگاتە ئەو ئاستە، بۆیە دەبێت روو لە هەدەپە و پارتی خاس بكات تا پشتگیری بكەن، چونكە كلیچدارئۆغڵو، رەتی كردەوە جەهەپە پشتگیری لە پڕۆژەیاسایەك بكات ئاكەپە و مەهەپە ئامادەیان كردبێت.
ئاكەپە و مەهەپە، دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان 334 كورسییە، بەمەش ناتوانن بە تەنیا پرۆژەیاسایەكە تێپەڕێنن، بۆیە ئەگەر بیانەوێت بەبێ ریفڕاندۆم پڕۆژەیاسایەكە تێپەڕێت، دەبێت هەدەپە و پارتی خاس پشتگیری بكەن و دەنگی پەرلەمانتاران بگاتە 400.
ئەگەر ئەو دوو پارتە پشتگیری نەكەن، هەوڵی ئاكەپە و مەهەپە بۆ ئەوەیە، یان هەدەپە یان پارتی خاس پشتگیرییان لێ بكەن، تا بتوانن رێژەی دەنگی بەڵی لە پەرلەمان بگەیەننە 360 كورسی، بەمەش پڕۆژەیاسایەكە دەخەنە ریفڕاندۆمەوە و خەڵك دەنگی بۆ دەدات.
ئاكەپە، ئەگەرچی بەردەوام هەدەپەی پێ پارتێكی تیرۆریست و باڵێكی سیاسیی پەكەكەیە، بەڵام بەكر بۆزداغ، وەزیری دادی توركیا و شاندێك، سەردانی هەدەپەیان كرد و داوایان لێیان كرد پشتگیری لەو پرۆژەیاسایە بكەن.
ماراڵ دانش، سەرۆكی فڕكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا، گوتی پڕۆژەیاسایەكە دەخوێنینەوە و پاشان بۆچوونی خۆمانی لەبارەوە دەدەین. پارتی خاسیش بەهەمان شێوە گوتوویانە دوایی بڕیاری كۆتاییی لەبارەوە دەدەن.
ئەگەربێتو یەكێك لەو دوو پارتە پشتگیری لەو پرۆژەیاسایە بكات، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی توركیا، كە بڕیارە لە هاوینی 2023ـدا بکرێت، سندوقێكی تر دادەنرێت و گەل دەنگ دەدات، ئاخو لەگەڵ پڕۆژەیاسای باڵاپۆشیی ژناندان یان نا؟
ساڵی 1999، مەروە كاڤاكچی، پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو، كاتێك بە باڵاپۆشی ویستی سوێندی یاسایی بخوات، ئەوكات لەناو پەرلەماندا بوو بە ئاژاوە و پەرلەمانتارەكان رێگەیان نەدا سوێند بخوات و لە پەرلەمان دەریان كرد، چونكە باڵاپۆش بۆی نەبووە تەنانەت ببێتە پەرلەمانتاریش، بەڵام ساڵی 2013، كاتێك پەرلەمانتارێكی ئاكەپە بەباڵاپۆشی هاتە پەرلەمان و گوتی باڵاپۆشییەكەم فڕێ نادەم، ئیدی ئەوكات ئاكەپە و مەهەپە و جەهەپەش بێدەنگ بوون و رازی بوون بەوەی ئافرەتی باڵاپۆش بێتە پەرلەمان و وەكو پەرلەمانتار كاری خۆی بكات.
بۆزداغ، لە كۆنگریەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، ئەوان مادەی 42 لە دەستووردا هەموار دەكەنەوە، كە لەوێدا گرنگی بە خێزان دەدەن، چونكە وەكو ئەوەی باسی دەكات، بنەمای كۆمەڵگەی توركیا خێزانە، ئەگەر بیانەوێت كۆمەڵگەیەكی بەهێز بن، دەبێت گرنگی بە خێزان بدەن، ئەمەش چەندین وڵات پەیڕەویان كردووە.

هاوڕەگەزخوازان چییان لێ بەسەر دێت؟
لە مادەی 41 دەستووری توركیادا، پێناسەی خێزان كراوە، لەوێدا دەڵێت: ”خێزان بنەمای كۆمەڵگەی توركیایە، دەبێت هاوسەران یەكسان بن.“
وشەی هاوسەران، گفتوگۆی نێوان پارتە سیاسییەكانی چڕ كردووەتەوە، چونكە كاتێك ناوی هاوسەران هاتووە، لەوێدا ئاماژە بە (پیاو _ ژن) نەدراوە، بۆیە بەشێك دەڵێن، رێگە دراوە وەكو چەند وڵاتێكی ئەورووپی (پیاو و پیاو) یاخود (ژن و ژن) هاوسەرگیری بكەن.
بەڵام بۆزداغ و میدیاكانی سەر بە ئاكەپە روونی دەكەنەوە، لە پڕۆژەیاسای تازەدا هاتووە، وشەی هاوسەر دەگۆڕن بۆ (پیاو و ژن)، واتە بە یاسا قەدەغەی دەكەن، هاوسەرگیری لە نێوان هاوڕەگەزخوازاندا بكرێت، ئەمەشیان بۆ بەهێزكردنی خێزانە.
بەگوێرەی پێشبینیەكان، هەدەپە و جەهەپە پشتگیری لەو پرۆژەیاسایە ناكەن، چونكە ئەوان پێیان وایە ئازادی تاك پێشێل دەكرێت و بەردەوامیش باس لە ئازادی تاك دەكەن. هەر بۆ زانیاریی خوێنەر، لە هەڵبژاردنی 2015، هەدەپە لە شاری قەیسەری، هاوڕەگەزحوازێكی بەربژێر كرد، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا.
بەڵام رەنگە پارتی خاس، كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە و موحافیزكار و نەژادپەرستە، پشتگیری لەو پرۆژەیاسایە بكات، بەمەش دەنگی پێویست دەهێنێت تا بخرێتە ریفراندۆمەوە.