ترەمپ: ئەگەر کوڕەکانم ئەمکارە بکەن هەرگیز قسەیان لەگەڵ ناکەم

دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکیدا دەڵێت ئەگەر کوڕەکانم هاوشێوەی کوڕەکەی جۆو بایدن سەرقاڵی کاری ئابڕووبەرانەبن، هەرگیز قسەیان لەگەڵ ناکەم.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەمیانی گوتارێکیدا لە ویلایەتی ئۆهایۆ، باس لە هەنتەر بایدن، کوڕی جۆو بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا دەکات کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، چەندین وێنە و ڤیدیۆی ئابڕووبەرانەی بڵاوبوویەوە.

هەنتەر بایدن، لە ئاداری 2019 لاپتۆپەکەی تێكدەچێت و بۆ چاککردنەوەی دەیباتە دووکانێك لە ویلایەتی دیلاوێر، بەڵام فەرامۆشی دەکات و ناچێتەوە بەلایدا، کە بەهۆیەوە دواتر لە حوزەیرانی 2022 ناسنامە و وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانی لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە.

ترەمپ لە گوتارەکەیدا نموونەی ئەو رووداوە دەهێنێتەوە و دەڵێت: ئەگەر دۆن یان ئێرێک شتی وایان بەسەردا رووبدات، هەرگیز قسەیان لەگەڵ ناکەم.

سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا سەبارەت بە رکابەرە دیموکراتەکانی گوتی: بەڕاستی لەو بڕوایەدام ئەوان دەیانەوێت سنوورەکان بکەنەوە، بۆئەوەی وڵاتەکەمان وێران بکەن، سیاسەتی دیموکراتەکان هەموو رۆژێك، هاووڵاتی ئەمەریکی بەکوشت دەدەن، بە ژمارەی گەورەش بەکوشتیان دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (8ـی تشرینی دووەمی 2022) هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی بۆ هەریەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و لەئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەو دوو ئەنجوومەنە لەلایەن کۆمارییەکانەوە، دوو ساڵی قورس چاوەڕێی جۆو بایدن دەکات وەک سەرۆکی ئەمەریکا.

ئەمەریکا وەک یەکێک لە زلهێزترین وڵاتەکان و هێمای دیموکراسی لە جیهاندا، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردن لەناوخۆیدا بەجۆرێک دابەشبووە، کە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بەردەوام چاودێرن بەسەر یەکدییەوە و رێگری لە هەر جۆرە تاکڕەوییەک دەکەن.

ھەواڵی زیاتر