لە خۆپێشاندانەکانی ئێران ٦١ هاووڵاتیی کورد کوژراون و پێنج هەزار کەسی تر بریندار بوون

٥٣ ڕۆژە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپێشاندان دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە و حکوومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە پێش بە خۆپێشاندان بگرێت.

له‌ ١٧ی ئه‌یلوولەوە، ئەو ڕۆژەی كه‌ ژینا ئەمینی به‌ خاك سپێردرا، خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه‌ و بۆ ته‌واوی شاره‌كانی تری ئێران گواستراوه‌ته‌وه‌، ئێرانییه‌كان به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان لە دژی حکوومەتی ئەو وڵاتە دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە. دەگوترێ ژینا کە خەڵکی سەقز بوو، لە تاران لە دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن پۆلیسی ئاداب ئەشکەنجە دراوە و مردووە، بەڵام حکوومەتی ئێران ئەمەی نەسەلماندووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری قوربانییانی خۆپێشاندانی ٥٠ رۆژی رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند و باس لەوە دەکرێ لەو ماوەیەدا لانی کەم ٦١ هاووڵاتی کوژراون و پتر لە پێنج هەزار کەسی تریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار بوون. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی خراونەتەڕوو، لە کۆی ئەو ٦١ هاووڵاتییەی لەو خۆپێشاندانانە گیانیان سپاردووە نزیکەی ٨٤%یان بە تەقەی راستەوخۆی پۆلیس و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکە کوژراون.
هاوکات سەرووی ٨%ی قوربانییان لە ژێر ئەشکەنجەدا مردوون ە پێنج حاڵەتە و ٦%ی تر بە دار یان باتومی پۆلیس گیانی لەدەست داوە و کەسێکیش بە گازی فرمێسکڕێژ مردووە. لەو ٦١ کەسە ٥٣ کەسیان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەشت کەسی دیکەیان لە شارەکانی تری ئێران کوژراون.
هەروەها لە ئامارەکە ئەوە خراوەتە ڕوو کە لە کۆی ئەو کوژراوانە هەشت کەسیان ژنن و ١١ کەسی تریان منداڵن. سنە لەو قوربانییانەدا پشکی شێری بەرکەوتووە و ١٢ کەس لە شەهیدان هی ئەو شارەن. بە گشتی لە پارێزگای سنە ٢١ کەس، لە پارێزگای کرماشان ١١ کەس، لە پارێزگای ورمێ ١٩ کەس و لە پارێزگای ئیلام دوو کەس کوژراون. هەشت هاووڵاتی کوردی تریش کە لە پارێزگاکانی تر نیشتەجێن، کوژراون.
هەر بە پێی راپۆرتەکە لە سەرەتای دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی کورد گیراون و لەوانە ناسنامەی ٩٤٠ کەس بۆ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە و ١٣٣ لەوانە ژن و ٧٩ی تریان منداڵن و بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە دەستبەسەرکراوان بە شێوەیەکی سیستماتیک لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدان. ئاماری بریندارەکان بە نزیکەی لە پێنج هەزار کەس خەمڵێنراوە و لەوانەش هێشتا دۆخی ٢٠ کەسیان ناجێگیرە.
هەر بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە تەواوی ئێران کوژراون کە سەرووی ١٠٠ کەسیان هی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن و تەنیا هەینی رابردوو لە شاری خاشی پارێزگاکە ١٦ کەس کوژران و لە هەینی یەکەمی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانیش لە زاهیدان ٩٠ کەس کوژران.
پێویستە بگوترێ لەوەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە هیچ خۆپێشاندانێک ئەوەندە درێژەی نەکێشاوە و ویست و داخوازی خۆپێشاندەرانیش لەگەڵ ویست و داخوازی خۆپێشاندەرانی ساڵانی رابردوو گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە. هەرچەندە لە رۆژیشدا خۆپێشاندان دەکرێن بەڵام زیاتر لە شەوان و لە کاتی تاریکبوون سەرهەڵدەدەن و زانکۆکانیش لەو خۆپێشاندانانەدا رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن.
خۆپێشاندانەکانی ئێران ئەوەندە بەرفروانانن کە زۆربەی میدیاکانی جیهان گرنگی پێ دەدەن و بووەتە یەکێک لە گرنگترین مژارەکانی رۆژی میدیاکانی جیهان،رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە نیگەرانییەوە لەو ڕووداوانە دەڕوانن.

ھەواڵی زیاتر