پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، هێشتا هیچ بەربژێرێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا دیاری نەكردووە، بەڵام بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و وەكوو هەڕەشەیەك بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هاوسەرۆكانی هەدەپە، باس لە بەربژێری تایبەت بەخۆیان دەكەن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی پارتی دەسەڵاتە، كە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)یە.
هەدەپە، خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە؛ وەكو پارتێكی ئۆپۆزسیۆنیش خۆی ناساندووە و پارتێكە لە هەناوی كوردانی باكوورەو لەدایك بووە، بەڵام هاوپەیمانە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا واتە (هاوپەیمانی میللەت)، هەدەپەی قبوڵ نییە، ئەمەش ناكۆكییەكانی نێوان هەدەپە و هاوپەیمانی میللەتی قووڵ كردووەتەوە.
جیا لەو هاوپەیمانییە، شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كە سێیان لەناو هاوپەیمانی میللەتدان، كۆبوونەوەكانیان چڕ كردووەتەوە، تا بتوانن بەربژێرێك بۆ ركابەرایەتیکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان دیاری بكەن، لەوەشیاندا هەدەپە پرسی پێ ناكرێت و نەیانخستووەتە ناو كۆبوونەوەكانی خۆیانەوە.
كاریگەریی هەدەپە چییە؟
هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، باش دەزانن ئەگەر هەدەپە پشتگیری لە بەربژێری ئەوان نەكات، ناتوانن بەربژێرەكەیان لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی توركیا دانیشێنن؛ پرسیارەكە ئەوەیە، كە ئەوە دەزانن بۆچی نایخەنە ناو هاوپەیمانی خۆیانەوە؟
پارتی خاس، كە لە هەناوی مەهەپەوە لەدایك بووە و پارتێكی نەژادپەرستە، دەڵێت لە هەر شوێنێك هەدەپەی لێ بێت ئێمەی لێ نابێ، چونكە هەدەپە باڵێكی سیاسی پەكەكەیە لەناو پەرلەمانی توركیا، ئەو پارتەش خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە لە توركیا و قورساییەکەی زۆرە، بۆیە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ناتوانێت دەستبەرداری پارتی خاس بێت و دڵی هەدەپەش رادەگرێت و جاروبار پرسی كورد دەهێنێتە بەر باس.
ئەردۆغان، یارییەكی زۆر جوان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی توركیادا دەكات، سەرەتا لە میدیاكاندا هەدەپەی وەكو تیرۆریست ناساند و گوتی هەركەسێك هاوپەیمانی لەگەڵدا بكات، كەواتە لەگەڵ پەكەكە هاوپەیمانە، بەمەش ئۆپۆزسیۆنی لە هەدەپە دوور خستەوە. جیا لەوەش بوارێكی دەوروونیی زۆر خراپی بۆ ئۆپۆزسیۆن دروست كردووە، كە ناتوانن بەربژێرێك دیاری بكەن، چونكە ئەوەی ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، دەبێت كوردەكانیش قبوڵیان بێت.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە، لە چەند میتینگێكدا ئاماژەی دابوو، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن پرس بە هەدەپە نەكات بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆكایەتی، ئەوان بەربژێری تایبەت بە خۆیان دەبێت و هەدەپە پارتێكی ئازادە.
ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری بەناوبانگی كورد و سەرۆكی پێشووی شارەوانیی مێردین، دەڵێت ئەگەر ئۆپۆزسیۆن كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە بكاتە بەربژێر، هەدەپە دەنگی پێ دەدات، بەڵام هەدەپە بە فەرمی پشتگیری لەو گوتەیەی تورك نەكرد.
هیچ حیكمەتێك لەوەدا نییە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەدەپە نەخاتە ناو هاوپەیمانی خۆیەوە و حیسابی بۆ نەكات، كەچی هەدەپە بڵێت من دەنگ بە بەربژێری تۆ دەدەم، ئەگەر شتێكی لەو شێوەیە روو بدات، ئەوە دەسەلمێنێت كە هەدەپە سیاسەتێكی ستراتیژی نییە، تەنیا لەسەر كەسایەتی كار دەكات
و بە ڕقەوە سیاسەت دەكات و تەنیا مەبەستیەتی ئەردۆغان لە دەسەڵات لا بدات.
ئەگەر هەدەپە، بەربژێری خۆی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەم، چونكە بەگوێرەی هەموو ئەنجامی راپرسییەكانی توركیا، هیچ بەربژێرێك ناتوانێت 50+1 بەدەست بهێنێت، بۆیە لە گەڕی دووەمدا رۆڵی هەدەپە و قورساییی هەدەپە دیار دەكەوێت.
رەنگە هەدەپە خۆی بۆ ئەو سیناریۆیە ئامادە كردبێت، لە گەڕی دووەمدا لەگەڵ لایەنەكان بكەوێتە گفتوگۆ و دانوستان؛ دوور نییە ئاكەپەش لە دەرگای هەدەپە بكات و داوای دانوستانی لێ بكات، چونكە قەدەری ئەسکەمیلی سەرۆكایەتی دەكەوێتە دەستی هەدەپە.
رێژەی دەنگدەری هەدەپە و پارتی خاس وەكو یەكن و شەش ملیۆن دەبن، بەڵام ئەوەی وای كردووە هەدەپە لە پارتی خاس بەهێزتر بێت، دەنگدەری هەدەپە نەگۆڕە و نەتەوەی كوردن دەنگی پێ دەدەن و پێیان وایە دەبێت هەدەپە لەناو پەرلەماندا وەكو پارت بوونی هەبێت، بەڵام دەنگی پارتی خاس لە گۆڕاندایە.
با نموونەكە روونتر بكەینەوە، ئەگەر ئاكەپە لە دەرگای هەدەپە بدات و بڵێت دەنگ بە ئەردۆغان بدەن و لە بەرامبەردا ئێمەش داواكانتان جێبەجێ دەكەین، هەدەپەش رازی بێت، دەنگدەری هەدەپە گوێ لە بڕیاری پارتەكەی دەگرێت، بەڵام ئەم سیناریۆیە بۆ پارتی خاس دروست نییە و ئەگەر ماراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، دەست بخاتە ناو دەستی ئەردۆغان، دەنگدەرەكانی لێی جیا دەبنەوە و قورساییی نامێنێت، ئەمەیەی جیاوازی نێوان پارتی خاس و هەدەپە، بۆیە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، رێگاكان دەچنەوە لای هەدەپە.
وەكو ئەوەی باس دەكرێت، هەدەپە چاوەڕێیە تا بزانێت ئۆپۆزسیۆنی توركیا كێ دەكاتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەوكات ئەویش بڕیاری كۆتایی دەدات لەبارەی ئەوەی بەربژێری ببێت یان نا؟
باس لە سیناریۆیەكی تریش دەكرێت، ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێی باشە هەدەپە بەربژێری خۆی هەبێت، تا هیچ بەربژێرێك نەتوانێت لە گەڕی یەكەمدا 50+1 بەدەست بهێنێت و هەڵبژاردن بكەوێتە گەڕی دووەم.
لە گەڕی دووەمدا ئیدی روو لە هەدەپە بكەن و بیخەنە ناو هاوپەیمانیی خۆیانەوە و بەمەش گورزێكی گەورە لە ئەردۆغان بدەن.
هەدەپە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش دەنگەكانی گرنگە، چونكە لە سیستەمی كۆماریدا، ئەوەی دەبێتە سەركۆمار، پێویست دەكات لەناو پەرلەمانیش زۆرینە بێت؛ بۆیە هەدەپە لەناو پەرلەمانیشدا قورسایی دەبێت و، کاتی دابێت، باس لە رۆڵی هەدەپە دەكەین لە پەرلەمانی توركیادا.