رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە، لە ماوەی 45 رۆژی خۆپێشاندانەکانی ئێراندا، بەلانی کەمەوە 277 خۆپێشاندەر و لەوانە 40 منداڵ و 24 ژن کوژراون.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 2ـی تشرینی دووەم) رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە ناوەندەکەی لە وڵاتی نەرویجە، رایگەیاند “کوژراوەکان لە 22 پارێزگان و زۆرترینیان بەپێی ریزبەند بەو شێوەیەیە: پارێزگای سیستان و بەلوچستان، مازندەران، تاران، سنە و گیلان”.
بەپێی راپۆرتەکە نۆ لەو 40 کوژراوانە کە خوار تەمەن 18 ساڵن، کچن.
ئەو رێکخراوەیە کە لە ماوەی 45 رۆژی رابردوودا بەردەوام ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێ: ژمارەی راستەقینەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان، زیاتر لە ئامارە بڵاوکراوەکانن”.
هاوکات ماڵپەڕی هرانا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لەو ماوەیەدا 288 کەس و لەوانە 48 منداڵ کوژراون.
خۆپێشاندانی خەڵکی ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، رووبەڕووی کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووە، بەڵام تا ئێستا ئاماری ورد لەبارەی ژمارەی کوژراوان، برینداران و دەستگیرکراوان نییە.
عەلی قاسی، سەرۆکی دادگەی پارێزگای تاران، رۆژی 31ـی تشرینی یەکەم، باسی لە کردنەوەی پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکانی تاران کردبوو.
جیا لەو ئامارەی تاران، دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردووەتەوە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکاندا “25 پەراوی لێکۆڵینەوە لە پارێزگای کرمان، 89 لە پارێزگای سمنان، 119 لە پارێزگای زەنجان، 105 لە پارێزگای خوزستان، 55 لە پارێزگای قەزوین، 110 لە پارێزگای سنە و 201 لە پارێزگای ئەلبورز، کراوەتەوە”.