ئه‌وروپا ده‌یه‌وێ سوپای پاسداران بخاته‌ لیستی تیرۆرەوە

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئاشكرای كرد، وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپا خه‌ریكن كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن سوپای پاسداران بخه‌نه‌ ناو لیستی تیرۆره‌وه‌.

ئانالیتا بێربوك بۆ ته‌له‌ڤزیۆنێكی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی گوتی، ”هه‌فته‌ی رابردوو پێم گوتن كه‌ پاكێجێكی ترم ئاماده‌ كردووه‌ بۆ سزادانی ئێران، پاكێجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ تاوتوێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین سوپای پاسدارانی ئێران بخه‌ینه‌ ناو لیستی تیرۆره‌وه‌.”

لێدوانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ حوسێن سه‌لامی فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، شه‌مووی رابردووی به‌ دواین رۆژی خۆپێشاندان هه‌ژمار كردن. ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ خه‌ڵك كرد چیتر نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆپێشاندان نه‌كه‌ن.

ئه‌ڵمانیا هه‌فته‌ی رابردوو گوتبووی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا گرتوویه‌ته‌به‌ر، ئه‌ڵمانیا رێكاری توندتر به‌رانبه‌ر ئێران ده‌گرێته‌به‌ر.

به‌گوێره‌ی رادیۆ فه‌ردا، ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ بۆ پرسی ناوكی هیچ جۆره‌ دانوستانێك له‌گه‌ڵ ئێران له‌ ئارادا نییه‌.

جێی باسه‌ سوپای پاسداران له‌ لیستی ره‌شی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادایه‌، كه‌نه‌داش له‌مدواییانه‌دا سه‌ردانی 10 هه‌زار كه‌س له‌ فه‌رمانده‌ و به‌رپرسانی باڵای سوپای پاسداران بۆ كه‌نه‌دای قه‌ده‌غه‌ كرد.

رێوشوێنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ دژی ئێران له‌ كاتێكدا توندتر ده‌بن، كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش هه‌فته‌یه‌ له‌ ئێران خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه‌.