لە رێپێوانێكدا سەرۆك وەزیرانی كەنەدا بەشدار دەبێ و پاڵپشتی لە ژنانی ئێران کرد

لە رێپێوان و خۆپێشاندانێك لە كەنەدا بۆ پاڵپشتی لە خەڵك و ژنانی ئێران كە زیاتر لە 40 رۆژە لە دژی رژێمەكە دەستی پێ كردووە، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا و هاوسەرەكەی بەشدارییان كرد و دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی ئێرانییەكان.

پێگەی “ئیلاف” ئەمڕۆ یەكشەم 30ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، لە دوای كوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ئاداب لە تاران كە بەهۆیەوە خۆپێشاندانی جەماوەریی فراوان، تەواوی ئێرانیی گرتووەتەوە، بۆ پاڵپشتیی گەلی ئێران لە زۆربەی وڵاتی دنیا رێپیێوان و خۆپێشاندان ساز دەكرێ كە دویچنییش لە كەنەدا رێپێوان و خۆپێشاندان لە دژی رژێمی ئێران بەڕێوە چوو، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا جاستن ترودۆ و هاوسەرەكەیشی بەشدارییان كرد و دەنگی خۆیان خستە پاڵ گەلی ئێران.

لەو خۆپێشاندانەدا سەرۆك وەزیرانی كەنەدا دروشمێكی سپیی هەڵگرتبوو، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كردووە و گوتوویەتی، لە خەباتی خۆمان لە تەواوی دنیادا بەردەوام دەبین، بەتایبەتی بۆ ژنانی ئێران كە لە دۆخێكی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن.

ترودۆ رووی لە خۆپیێشاندەرانی ئێران كرد و گوتی، ئێمە لەگەڵتانین و تا سەریش بەو شێوەیە دەمێنینەوە.

لەلایەن خۆپێشاندەرانیشەوە دەستی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا بەرز كرایەوە و دەیان دروشم لە دژی رژێمی ئێران گوترانەوە.

هاوكات هاوسەری ترودۆ سوفی گریگوار بۆ خۆپێشاندەران گوتوویەتی، من كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم، دروشمی “ئازادیی ژن بەرز دەكەمەوە كە ئازادیی ژنی ئێران، واتە ئازادیی هەموو ژنانی دنیا”.

هەر لە مانگی رابردوودا بوو كە حكوومەتی كەنەدا، سزای بەسەر دەیان بەرپرسی رژێمی ئێران سەپاند، ئەویش بەهۆی ئەوەی مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات، بەتایبەتی لە سەركوتكردنی گەلەكەی و ئەو توندوتیژییانەی بەرانبەریان بەڕێوەی دەبات.

ژینا ئەمینی لە 13ی ئەیلوول/سێپتێمبەر لەگەڵ براكەی، بۆ بەسەركردنەوەی خزمانی سەردانی تارانی كردبوو، بەڵام لە نزیك میترۆ لەلایەن پۆلیسی ئاداب بە پاساوی جێبەجێنەكردنی رێساكانی باڵاپۆشی، دەگیرێت و سەعاتێك دوای گرتنی بە بێهۆشی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیان لە دەست دەدات. دەگوترێ ژینا لە كاتی گواستنەوە بۆ بنكەی پۆلیسی ئاداب، لە رێ لە سەری دراوە، بۆیە تووشی ئەو دۆخە نالەبارە بووه. لە 17ی ئەیلوولەوە كە ژینا بە خاك سپێرا، خۆپێشاندان دەستی پێ كردووە و بۆ تەواوی شارەكانی تری ئێران گواستراوەتەوە، ئێرانییەكان بە هەموو نەتەوە و مەزەو و پێكهاتە جیاوازەكان، داوای رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی دەكەن.

ھەواڵی زیاتر