پۆتین قەسابەكەی حەلەب دەنێرێتە ئۆكراینا


بە فەرمانی ڤلادمیر پۆتین، فەرماندەی باڵای ئەو وڵاتە بە ناوی (Sergey Surovikin)، كە بە قەسابی حەلەب ناوبانگی دەركردووە، دەنێردرێتە ئۆكراینا و ئیدی سەركردایەتی ئەو شەڕە دەكات لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە. بەهۆی ئەوەی لە شەڕدا بێبەزییە و مافی مرۆڤ پێشێل دەكات، بۆیە چوونی ئەو فەرماندەیە بۆ ئۆكراینا بووەتە هەواڵی میدیا جیهانییەكان.

بەهۆی ئەوەی لە 2017، Surovikin بەرپرسیاریەتی شەڕی حەلەبی پێ درا لە سووریا، لەو شەڕەدا، بەشێكی زۆری حەلەبی لەگەڵ زەوی تەخت كرد، بۆیە نازناوی قەسابی حەلەبیان پێی دا.
پۆتین، دوای ئەوەی لە جەنگی ئۆكڕاینا سوپایەكەی دووچاری شكست بووەتەوە، لە بەرەكانی جەنگ چەند گۆڕانكارییەکی کردووە، یەكێك لەوانە دانانی Surovikinە، وەكو فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەو جەنگە لە ئۆكراینا.
لە 8ی ئەم مانگەدا، كاتێك فڕۆكە جەنگییەكانی ئۆكراینا شاری كیێڤ و چەند شارێكی تری ئۆكراینایان بۆردومان كرد، بە فەرمانی Surovikin ئەو وێرانكارییە کرا و دەیان كەسی سڤیل بوونە قوربانی.
فەرماندە Surovikin، لە 1966 لە رووسیا لەدایك بووە، ئەو لە 1987 چووەتە بواری سەربازی و پاشان بووە بە فەرماندە.
ئەو دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت، بەشداری كودەتایەكی گەورەی لەو وڵاتەدا كرد، دوای ئەوەی كودەتایەكە شكستی هێنا دەستگیر كرا، بەڵام دوای دادگاییكرانی، بەهۆی ئەوەی گوتبووی تەنیا فەرمانی سەرووی خۆی جێبەجێ كردووە ئازاد كرا.
لەسووریا بەو كەسایەتییە ناسراوە، كە پێشێلی مافی مرۆڤ دەكات و سڵ لە كوشتن و وێرانكاری ناكاتەوە، بۆیە لە هەر شوێنێك بەرپرسیاریەتی هەبێت، ئەو شوێنە بەوێرانی بەجێدەهێڵێت، نموونە ئەفغانستان و سووریا.
رۆژنامەی (گاردیان) كە نازناوی (فەرماندەی ئاخر زەمان)ـی پێی داوە، دەڵێت ئەو فەرماندەیە زۆر بەتوانا و بوێرە، بەڵام لەهەمان كاتدا كەسێكە لەشەڕدا پێشێلی مافی مرۆڤ دەكات.
هەروەها پێشبینی كردووە، بە هاتنی Surovikin وەكوو فەرماندەی هێزەئاسمانییەكانی رووسیا لە جەنگی ئۆكراینا ئیدی توندوتیژی و وێرانكردنی ئۆكراینا ئەگەرێكی بەهێزە.
پێشتر ئەو فەرماندەیە، لە چیچانستان و ئەفغانستان و سووریا، مێژوویەكی خراپی بۆ خۆی بەجێ هێشتووە، چونكە لە وێرانكاری زیاتر هیچی تری بەجێ نەهێشتووە، هەروەها فەرمان راستەوخۆ لە پۆتین وەردەگرێت و جیا لەو ئامادە نییە لە هیچ کەسێكی تر فەرمان وەربگرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیا جیهانییەكان، پێویست دەكات زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكانی جەنگی ئۆكراینا و رووسیا بكرێت، چونكە هاتنی Surovikin بۆ ناو ئەو جەنگە، قوربانی زۆری دەبێت و رەنگە شەڕەكە بەرەو ئاراستەیەكی تر هەنگاو بنێت.

ھەواڵی زیاتر