یەکێتی ئەوروپا سەپاندی گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا تاوتوێ دەکات

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوایان کرد، لە ئەگەری سەلماندی بەکارهێنانی فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانی لەو هێرشانەدا، گەمارۆی نوێی بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەم) سوپای رووسیا لە رێگەی درۆنی خۆکوژەوە هێرشی کردە سەر چەند شوێنێکی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

حکومەتی ئۆکرانیا سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەو درۆنانە دروستکراوی ئێرانن.

هەفتەی رابردوو سوپای رووسیا هێرشێکی فراوانی کردە سەر چەند شارێکی ئۆکرانیا و ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا دووپاتیکردەوە کە “هێرشەکان لە رێگەی درۆنی ئێرانییەوە بووە”.

دوای ئەو هێرش و لێدوانانە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتی لە “بێلایەنی” خۆی لە شەڕی ئۆکرانیادا کردەوە و گوتی، چەکی نە بۆ رووسیا ناردووە نە بۆ ئۆکرانیا.

تا ئێستا رووسیا بێدەنگی بەرامبەر بەو پرسە هەڵبژاردووە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوایی لەبارەی دەستوەردانی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیادا، هۆشداریان داوە.

بەشێک لە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە شاری برۆکسێل کۆبوونەتەوە و بە نیازن ئەگەر رۆڵی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیادا بسەلمێندرێت، گەمارۆی نوێی بەسەر ئێراندا بسەپێنن.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەوبارەیەوە گوتی: ئێمە بەدوای بەڵگەی تەواو بۆ سەلماندنی دەستوەردانی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیاداین”.

بڕیارە دێمیترۆ کۆلبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بێت.

دوو دیپلۆماتی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکانی پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا، بە ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، “رەنگە یەکێتی ئەوروپا لە کاردانەوەی بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیادا، تاوتوێ سەپاندنی گەرمارۆی نوێی بەسەر ئێراندا بکەن”.

یپە کوفود، وەزیری دەرەوەی دانیمارک دەڵێ: پێویستە یەکێتی ئەوروپا کاردانەوەی جیددی بەرامبەر بە هێرشی درۆنیی سوپای رووسیا بۆ سەر چەند بینایەکی نزیک وێستگەی ناوەندیی شەمەندەفەری کیێڤدا هەبێت.

ئەو دووپاتیکردووەتەوە، “پێدەچێت لەو هێرشانەدا سوود لە درۆنی ئێرانی وەرگیرابێت و ئەمەش دوژمنکارانەیە، بۆیە پێویستە یەکێتی ئەوروپا وەک کاردانەوەیەک هەنگاوی جددی بنێت”.

ھەواڵی زیاتر