سەرۆکی چین لەبارەی تاویان: هەرگیز دەسبەرداری مافی بەکارهێنانی هێز نابین

سەرۆکی چین دەڵێت، لە پرسی تایواندا بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ یەکخستنەوەی لەگەڵ چین، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر پێویست بکات هێز بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنن.

رۆژی یەکشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2022، شی جینپینگ، سەرۆکی پارتی کۆمیۆنیست و سەرۆکی چین لە کۆنگرەی 20ـەمی پارتی کۆمیۆنیستی چین-دا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی دوورگەی خۆبەڕێوەبەریی تایوانی کرد و گوتی، وڵاتەکەی لە سیاسەتەکانی لەبەردەم تایوان و هۆنگکۆنگ بەردەوام دەبێت.

کۆنگرەکە لە پەکینی پایتەختی چین بەڕێوەدەچێت و تێیدا دوو هەزار و 296 ئەندامی پارتی کۆمیۆنیست بەشداری دەکەن.

سەرۆکی پارتی کۆمیۆنیستی چین دەڵێت، هەموو شتێک دەکەن بۆئەوەی دڵنیابن “حکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هۆنگکۆنگ و ماکاو دەبێت و جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت لەلایەن کەسانی نیشتمانپەروەرەوە بەڕێوەببرێن.”

هەرچی دوورگەی تایوانە، کە سیستمی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی تایبەت بە خۆی هەیە، چین دوورگەکە بە خاکی خۆی دەزانێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە “ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت، رۆژێک هەر دەیگەڕێننەوە باوەشی خاکی دایک” کە مەبەستیان چینە.

لە کۆنگرەی پارتی کۆمیۆنیستدا، شی جینپینگ جەختی لە هەمان هەڵوێست کردەوە و گوتی کە ئەگەر پێویست بکات، ئامادەن هێز بۆ گەڕاندنەوەی تایوان بەکاربهێنن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە چین و تایوان لە شەڕی نێوخۆدا لە ساڵی 1949 جیابوونەوە و دوای ئەوەش پارتی کۆمیۆنیست دەسەڵاتی چینی گرتەدەست.

ھەواڵی زیاتر