كارزان گلی – ههولێر
زۆرجار لە میدیا ناوەخۆیی و جیهانییەكان باس لە خراپی دادگاكانی توركیا دەكرێت، بەوەی دەستوەردانی تێدا دەكرێت و بێلایەنیی خۆی لەدەست داوە. لە تازەترین هەنگاویشدا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەنیازە كەسێك بكاتە ئەندامی دادگای دەستووریی توركیا، كە بەرزترین دادگای توركیایە، ئەو كەسە لەخۆیەوە نزیكە و پێشتر جێگری وەزیری ناوخۆی توركیا بووە.
محتەرەم ئینجە، پێشتر جێگری وەزیری ناوخۆی توركیا بووە لەسەر لیستی ئاكەپە، ئەردۆغان بەنیازە بیكاتە ئەندامی دادگای دەستووریی توركیا، هەنگاوەكانی بوونەئەندامیشی بڕیوە و تەنیا ماوە بڕیارەكە دەربچێت.
ئەندامانی دادگای دەستووری توركیا ژمارەیان ١٥ ئەندامە و دەبێت بێلایەن بن، بەڵام بەردەوام ئەو دادگایە دەستوەردانی تێدا كراوە و رۆڵێكی خراپیشی بینیوە لەوەی، بەردەوام بڕیاری دژی پارتە كوردییەكان و سیاسەتوانە كوردەكان داوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، لە چەند رۆژی دابێ ئینجە دەبێتە ئەندامی دادگای دەستووری، ئەمەش دوای ئەوەی چەند ئەندامێك خانەنشین دەبن و كەسی تر لە شوێنیان دادەنرێت، بەڵام دانانی ئینجە كاریگەی لەسەر داخستن و دانەخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەبێت.
دۆسیەی هەدەپە لە دادگای دەستووریی توركیایە و تاوەكوو ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە ئاخۆ هەدەپە دادەخرێت یان نا، بەڵام دوای ئەوەی ئینجە دەبێتە ئەندامی ئەو دادگا باڵایە، ئیدی دۆسیەی داخستن و دانەخستنی هەدەپە یەكلایی دەبێتەوە.
ئەگەر بێت و داخستنی هەدەپە بخرێتە دەنگدانەوە، لە كۆی ئەو ١٥ ئەندامە، نزیكەی حەوت ئەندامی لەگەڵ ئەوەن هەدەپە دابخرێت، بەڵام ئەگەر ئینجە بە نەخێر دەنگ بدات، هەدەپە درێژە بە كاری سیاسی خۆی دەدات و ئەگەر بە بەڵێش دەنگ بدات، هەدەپە بە یەكجاری دادەخرێت و بۆی نییە بەشداری هەڵبژاردنی 2023 بكات.
هەندێك وای بۆ دەچن، ئەردۆغان مەبەستی نییە هەدەپە دابخات، چونكە دەزانێت بە داخستنی هەدەپە، باكوورییەكان نیگەران دەبن و رەنگە لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا وەكو تۆڵەیەك دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بدەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
بەڵام بۆچوونی تریش هەن، كە پێیان وایە ئەردۆغان نایەوێت هەدەپە بەشداری هەڵبژاردن بكات و دەنگەكانی پەرت دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی لەرێگەی دادگاوە هەدەپەی داخست.
ئەگەر هەدەپە بەر لە هەڵبژاردن دابخرێت، لە ماوەی 24 سەعاتدا پارتێكی تر دابمەزرێنن، هەر ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بكەن، چونكە لە دەستووری توركیادا هاتووە، هەر پارتێك بیەوێت بەشداری هەڵبژاردن بكات، نابێ تەمەنی لە یەك ساڵ كەمتر بێت.
بۆیە دەنگدەری هەدەپە پەرت دەبن، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئاكەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی.
بەڵام ئەگەر هەدەپە بتوانێت لەڕووی رێكخستنەوە سەركەوتوو بێت و لە ئەگەری داخستنیدا دەنگدەرەكانی لەخۆی كۆ بكاتەوە و پێیان بڵێت روو لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بكەن، ئەوكات رەنگە ئەو دەنگدەرە كوردانەی بڕیاریان داوە نەچنە سەر سندوقی دەنگدان، بە حەماسەوە دەچن دەنگ دژی ئاكەپە دەدەن.
بۆیە بوون بە ئەندامی ئینجە لە دادگای دەستووریداپ، یەكێك لەو سیناریۆیانە دەكاتە راست و قەدەری هەدەپەش یەكلایی دەبێتەوە.