چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پزیشكی دادی ئێران هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی بڵاوكرده‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی “ژینا ئه‌مینی” ناسراو به‌ “مه‌هسا ئه‌مینی” ته‌مه‌ن (22 ساڵ)، خه‌ڵكی شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ میانه‌ی گه‌شتێكیدا بۆ تاران له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرا و به‌ هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانییه‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ره‌وشت به‌ سه‌ختی بریندار بوو و دوای ره‌وانه‌كردنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ و له‌وێ گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌مڕۆ پزیشكی دادی ئێرانی هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، “ژینا به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی كۆنه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه”‌.

پزیشكی دادی ئێران جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هۆكاری مردنی ژینا ئه‌مینی به‌هۆی لێدانی پۆلیسی ره‌وشت نه‌بووه‌، به‌ڵكو پێشتر ژینا نه‌خۆش بووه‌.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، ژینا ئه‌مینی له‌ ته‌مه‌نی 8 ساڵیدا نه‌شته‌رگه‌ری لابردنی گرێیه‌ك له‌ مێشكی بۆ ئه‌نجامدراوه‌، ده‌كرێ هۆكاری مردنه‌كه‌ی هه‌ر بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ كۆنه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

رۆژی (16ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، موژگان ئه‌مینی دایكی ژینا به‌ میدیا ئێرانییه‌كانی راگه‌یاند‌، كچه‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا، كه‌ به‌مهۆیه‌وه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ زۆربه‌ی شاروشارۆچكه‌كانی ئێران ده‌ستیپێكرد.