بەرپرسانی پارتەکانی نێو هاوپەیمانیی راستڕۆکانن لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە باوەڕبەخۆبوونێکی تەواوە لەسەر ستەیج بەرامبەر لایەنگرانیان وەستاون و بانگەشە بۆ هاوپەیمانێتییەکەیان دەکەن، ئەوە لە کاتێدایە کە یەکشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران لەو وڵاتە بەڕێوەدەچن و چاوەڕوان دەکرێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئیتاڵیا بەدەستبهێنن.
هاوپەیمانییەکە لە هەریەک لە پارتەکانی “ئیتاڵیا بۆ پێشەوە، لیگ، برایانی ئیتاڵیا، مۆدێرەیت” پێکدێت و دەڵێن، ئامانجیانە پێگەی وڵاتەکەیان لە ئەوروپا و جیهاندا بەهێزبکەنەوە.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکی پارتی برایانی ئیتاڵیا گوتی: “ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئیتاڵیایەکی بەهێز، جیدی و رێزلێگیراومان دەوێت. دەمانەوێت وڵاتەکەمان لە ئەوروپایەکی گەورە و پێشکەوتوودا سەری بەرزبێت، پشتی پێببەسترێت.”
بەگوێرەی دوایین راپرسی، راستڕۆکان 258 کورسی لە 400 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 131 کورسی لە 200 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیران دەبەنەوە. چەپەکانیش 88 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 44 کورسیی ئەنجوومەنی پیران دەبەنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی 2018دا راستڕۆکان 265 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 137 کورسیی ئەنجوومەنی پیرانیان بردەوە. چەپەکانیش لە هەڵبژاردنی 2018دا 122 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 60 کورسیی ئەنجوومەنی پیرانیان بەدەستهێنا.
هاوپەیمانیی چەپەکانیش چوار پارت لەخۆدەگرێت کە بریتین لە “پارتی دیموکرات، پابەندبوونی مەدەنی، سەوزەکان و هاوپەیمانی چەپ، ئەوروپای زیاتر”.
ئینریکۆ لیتا، سەرۆکی پارتی دیموکرات باسی لەوە کرد: “دواجار راستڕۆکان نایبەنەوە. ئیتاڵیا نابێت بەو ئیتاڵیایەی کە نەریتخوازەکان دەیانەوێت. ئیتاڵیا، ئیتاڵیای ئێمە دەبێت، دیموکرات و پێشکەوتووخواز؛ ئیتاڵیای ئەوروپی و ژینگەپارێز.”
لە ساڵی 1994 بۆ یەکەمجار هاوپەیمانیی راست و چەپ لەنێوان پارتەکانی ئیتاڵیا پێکهێندرا و لەو کاتەوە حەوت جار هەڵبژاردن بەڕێوەچووە؛ جارێک راستڕۆکان براوەی هەڵبژاردن بوون و جارێک چەپەکان؛ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018شدا راستڕۆکان براوەی هەڵبژاردن بوون، بەڵام پێشبینییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەمساڵیش هەر براوە دەبن.