شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستیپێکیردەوە

سەرەڕای ئاگربەست، ماوەی دوو رۆژە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ‌هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌.

بە گوێرەی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئەرمینیا،  ئازەربایجان بە ئاراستەی چەند پێگەیەکی سەربازیی سەر سنوور، دەستی بە تۆپبارانکردووە و بە هۆیەوە حەوت هاووڵاتی برینداربوون، کە یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.

هێشتا ئازەربایجان هیچ ئامارێکی نوێی لەبارەی زیانەکانی بڵاونەکردووەتەوە.

ماوەی چەندین ساڵە کێشە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا لە سەر هەرێمی کاراباخی سەر سنوور هەیە، کە هەر دوو لا خۆیان بە خاوەنی دەزانن.

بەهۆی ئەم گەڕە نوێیەی شەڕەوە، تا ئێستا 200 سەرباز لە هەر دوو لا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربوون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، لە دژی پاوانخوازیی ئازەربایجان بەهانای وڵاتەکەیەوە بچن.

نیکۆڵ پاشینیان سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌رمینیا، لە کۆبوونەوەی گشتیی سەرکردەکانی جیهان لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە لە دژی هێرشەکانی ئازەربایجان بۆ سەر وڵاتەکەی بەرگری لە خۆی بکات.

نزیکەی دوو هەفتەیە شەڕ لە سەر سنوورەکانی هەر دوو وڵات دەستیپێکردووەتەوە و سەرەڕای ئاگربەست ناوەناوە پێکدادان روودەدات.

بە هۆی ئەم گەڕە نوێیەی شەڕەوە، تا ئێستا بە سەدان سەرباز لە هەر دوو لا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربوون.