ڕۆژئاوا لە دژی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی مۆسکۆ زیاتر یەکگرتوو بوون

بەپێی شیكارییەكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ڕۆژئاوا لە دژی هەڕەشە ئەتۆمییەكانی مۆسكۆ زیاتر یەكگرتوو بوون. 
لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا دوێنێ چوارشەممە، ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند كە سەدان هەزار ڕووسی بانگ كراون بۆ شەڕكردن لە ئۆكرانیا و هۆشداری دایە ڕۆژئاوا كە مۆسكۆ هەموو ئامرازێك بەكاردەهێنێت كە لەبەردەستیدایە بۆ بەرگریكردن لە خۆی، لەنێویاندا چەكی ئەتۆمی.
هاوكات بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، گوتارەكەی پوتین بۆ بەرەنگاربوونەوەی “زەرەر و زیانێكی زۆر لە بەرەكانی جەنگ لە ئۆكرانیا” بووە.
بەپێی شیكارییەكە، وتارەكەی پوتین زیاتر لە هەوڵێك بوو بۆ گۆڕینی رێڕەوی شەڕە لەرزۆكەكەی دژی ئۆكرانیا، چونكە “جەنگی دەستدرێژی”ی دژی یەكێك لە دراوسێكانی دەگۆڕێت بۆ شەڕی بەرگریكردن .
بەپێی رۆژنامەكە ئامانجی پوتین “هیچی كەمتر نەبووە لە گۆڕینی مانای شەڕ بۆ وڵاتەكەی و بەرزكردنەوەی گرەوەكان بۆ هەموو جیهان”.
هەر بەپێی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، فەرمانی كۆكردنەوە كە لەلایەن پوتینەوە دەرچووە، كە یەكەم فەرمانە لە جۆری خۆی لە مۆسكۆ لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، نوێنەرایەتی پێوانەیەك دەكات بۆ ئەو زیانانەی كە بە سوپای ڕووسیا كەوتوون.
هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز پوتین بە گیر خواردوو و بە مەترسیدارترین حاڵەتی خۆی وەسفی دەكات، بە ئاماژەدان بە هەڕەشەكانی بۆ “بەكارهێنانی هەموو ئامرازەكانی بەردەست بۆ بەرگریكردن لە ڕووسیا”، لەنێویاندا بژاردەی ئەتۆمی.
بەگوێرەی “نیویۆرك تایمز”، لێدوانەكانی پوتین رۆژئاوایان خستۆتە بەردەم دووڕیانێكەوە و پرسیاری ئەوەی كردووە “تا چەند پشتگیرییە سەربازی و لۆجستییە چڕەكانی ئۆكرانیا دەتوانێت ببێتە هۆی شەڕ لەنێوان ناتۆ و رووسیا؟”.
لەسەر ئەم بابەتەش، سیلڤی بێرمان، باڵیۆزی پێشووی فەرەنسا لە ڕووسیا دەڵێت، “پێموایە هەڕەشەی ئەتۆمی فێڵێكە، بەڵام ڕێگەیەك دەدات بە پوتین بۆ تیرۆركردنی ڕۆژئاوا، هەروەها دووبەرەكی لەسەر دابینكردنی چەك دروست دەكات، چونكە ڕەنگە ئێستا هەندێك بیری لێبكەنەوە”. زۆر مەترسیدارە.
لای خۆیەوە فیلیپس ئۆبراین، مامۆستای توێژینەوەی ستراتیژی لە زانكۆی سانت ئەندرۆس لە سكۆتلەندا دەڵێت، ڕۆژاوا لە بەرامبەر هەڕەشەكانی پوتین پاشەكشە ناكات .
ئاماژە بەوەش دەكات كە “ئۆكرانیا دۆخی باشی هەیە”، دەشڵێت “بەردەوامبوون لە یارمەتیدانی ئۆكرانیا بۆ ئەنجامدانی ئەو كارەی كە دەیكات مانای هەیە.
هەروەها ئێلیۆت كۆهین، مێژوونووسی سەربازی و ستراتیژیست گومانی هەیە كە هاتنی یەدەگەكان بۆ بەرەكانی جەنگ “بەم زووانە” گۆڕانكارییەكی گەورە لەسەر زەوی دروست بكات.