لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 180 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا 

ئاژانسێکی تایبەت بە چاودێریی سنووری وڵاتانی ئەوروپا دەڵێت، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 188 هەزار کۆچبەر بە قاچاخ چوونەتە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا.

بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی وڵاتانی ئەوروپا، ناسراو بە فرۆنتێکس، تایبەت بە چوونی کۆچبەران بە قاچاخ بۆ نێو سنوورەکانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە، لەو ماوەیەدا 188 هەزار و 200 کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا و ئەوەش بەرزترین ژمارەی کۆچبەرانە بۆ ئەوروپا لە ساڵی 2016وە تۆمار کرابێت.

ئەو ئاژانسە دەڵێت، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2021، چوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا 75% زیادیکردووە.

تەنیا لە مانگی ئابی رابردوودا، وەکو ئاژانسی فرۆنتێکس ئاماژەی پێکردووە، 32 هەزار و 600 کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا و ئەوەش بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو 35% زیادیکردووە.

فرۆنتێکی باس لە چوونی کۆچبەران لە رێگەی بەلەمەوە بۆ بەریتانیا دەکات و دەڵێت، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 41 هەزار و 67 کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە 8 مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 80% زیادیکردووە.

لەبارەی هاووڵاتییانی ئۆکرایناوە، ئاژانسەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، لە سەرەتای هێرشەکانی رووسیاوە بۆسەر ئەو وڵاتە، لە 24ی شوباتی ئەمساڵەوە، زیاتر لە هەشت ملیۆن و 800 هاووڵاتیی ئۆکراینی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.

ھەواڵی زیاتر