ئیڤۆن شۆینارد، ملیاردێری ئەمەریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیای “پاتاگۆنیا” بۆ فرۆشتنی جلوبەرگ رایگەیاند، بڕیاریدا واز لە خاوەندارێتی کۆمپانیاکە بهێنێت و بیدات بە رێکخراوێکی متمانەپێکراو و قازانج نەویست.
کۆمپانیای “پاتاگۆنیا” تایبەت بە فرۆشتنی جلوبەرگ، بەرهەمەکانی لە زیاتر لە 10 وڵاتدا بەردەستە.
ئیڤۆن شۆینارد باسی لەوە کرد، دەستبەرداری پشکەکانی دەبێت لە کۆمپانیاکە و تەواوی قازانجەکەی دەداتە رێکخراوی Holdfast Collective، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئەو ملیاردێرە گوتیشی: لەبری ئەوەی سەرچاوەکانی سروشت دەربهێنین و بیکەینە پارە، پارەکانی پاتاگۆنیا بۆ پاراستنی سروشت بەکاردەهێنین.
ئاماژەی بەوەشدا، قازانجی کۆمپانیاکە ساڵانە دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار.
کۆمپانیای پاتاگۆنیا لە ساڵی 1973 دامەزراوە، داهاتی ئەمساڵی بە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت سامانی شۆینهارد نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بێت.