چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بە نێوەندگیریی رووسیا شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا راگیرا 

حکومەتی ئەرمینیا دیمەنی دزەکردنی سەربازانی سوپای ئازەربایجانی بڵاوکردەوە کە دەچنە نێو خاکی وڵاتەکەیانەوە و رایگەیاند، ئەو جموجووڵە سەربازییەی ئازەربایجان هۆکاری هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان دوو وڵاتەکەیە، بەڵام ئاگری ئەو شەڕە لە لایەن رووسیاوە کوژێندرایەوە.

نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا گوتی: “بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بەرگریمان، ژمارەی قوربانییانی هێرشەکانی ئازەربایجان لەسەر سنووری ئەرمینیا 49 سەربازە و بەداخەوە ژمارەکە رەنگە زیاد بکات”.

ساڵی 1988 شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەنێوان ئەرمینییەکانی هەرێمەکەی ئازەربایجان بە پاڵپشتیی ئەرمینیا و هێزی کۆماری ئازەربایجان دەستیپێکرد و تاوەکو ساڵی 1994 بەردەوام بوو کە بووە هۆی کوشتنی نزیکەی 30 هەزار کەس. دواتر ئاگربەستێک راگەیێندرا. 

لە ساڵانی نێوان 1994 و 2020 چەند جارێک شەڕ وپێکدادان هەڵگیرسایەوە، بەڵام شەڕەکان فراوان نەبوون. لە کانوونی دووەمی 2020 شەڕ روویدایەوە و لە ماوەی دوو مانگی شەڕدا نزیکەی شەش هەزار و 600 کەس کوژران. ساڵی رابردووش پێکدادانی سوپای ئازەربایجان و ئەرمینیا روویدا و 41 سەرباز و هاووڵاتی هەردوولا کوژران. لە شەڕەکەی 12ی ئەیلوولیشدا، ئەرمینیا کوشتنی 49 سەربازی راگەیاند و ئازەربایجانیش کوژرانی 50 سەربازی سوپاکەی راگەیاند.

لە وەڵامی تۆمەتەکانی ئەرمینیا، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان دەڵێت، ئەوە سەربازانی ئەرمینی بوون سنووریان بەزاندووە.

ئانەر ئایڤازۆڤ، یاریدەدەری بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان دەڵێت: “شەوی 12ی ئەیلوول، هێزەکانی ئەرمینیا چەند هەنگاوێکی هەراسانکارانەیان لەسەر سنووری ئازەربایجان- ئەرمینیا ئەنجامدا و گرووپێکی چەکداری سەر بەو هێزەش، رێگەکانی ناوچە سنوورییەکانی میبنڕێژ کرد. دواتر سوپای ئازەربایجان رووبەڕووی بووەوە تاوەکو سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە”.

شەڕەکەی ئەمجارەش بە نێوەندگیریی رووسیا وەستێنرا و ئاگربەست راگەیێندرا.

بەگوێرەی رێککەوتنی ساڵی 1994، رووسیا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە ناوچە سنوورییەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا هەیە وەکو هێزی ئاشتەوایی بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژییەک و شەڕەکەی ئەمجارەش لە لایەن ئەو هێزە رووسییەوە دامرکایەوە.